شارپرێس:
لەکاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بەردەوامن، شارەزایەکی ئیسرائیلی هۆشداریی لەوە داوە کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئێران، ئەگەر داواکارییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل تێدا جێبەجێ نەکرێن، دەتوانێت مەترسییەکی درێژخایەن بۆ ئیسرائیل و ناوچەکە درووست بکات.
عوزی ڕابی، پرۆفیسۆر و توێژەری ناوەندی موشە دایان بۆ لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە زانکۆی تەلەبیب، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی "103FM"ی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە کە لە دیدی ئەودا، ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دەتوانێت مەترسییەکی گەورەتر بۆ ئەمنییەتی ئیسرائیل دروست بکات، لەوەی شەڕ دووبارە دەست پێ بکاتەوە.
ڕابی وتوویەتی: "شەڕ شتێکی خراپە، بەڵام ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران خراپترین ئەو شتەیە کە دەتوانێت ڕووبدات"، بە پێی هەڵسەنگاندنی ئەو، ئەم جۆرە ڕێککەوتنە دەتوانێت کێشەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو درووست بکات کە چارەسەرکردنی مومکین نابێت.
ئەم شارەزایە نیگەرانییەکەی بە تایبەتیی بەوەوە بەستۆتەوە کە ئەگەر ترەمپ بەبێ گوێدانە داواکارییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ڕێکبکەوێت، ئیسرائیل لە داهاتوودا ڕەنگە ناچار بێت بە تەنیا ڕووبەڕووی دۆسیەی ئێران ببێتەوە.
ڕابی هەروەک ئاماژەی بەوە داوە کە تاران دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولیی کۆنگرێسی ئەمریکا لە 3ی تشرینی دووەم، ترەمپی بە لاوازبووی سیاسیی دەبینێت، بەڵام هێشتا توانای بڕیاردانی سەربازیی بۆ دادەنێت.
بە بۆچوونی ئەو، ترسی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران پەیوەندیی بە مانەوەی خۆیەوە هەیە، نەک تەنیا لێدانە سەربازییەکان یان گوشارە ئابوورییەکان.
بە گشتیی، نیگەرانیی ئیسرائیل لەوەدایە کە ڕێککەوتنێکی ئەمریکا و ئێران، بەبێ دابینکردنی داواکارییە ئەمنییەکانی تەلەبیب، دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکە بەهێزتر بکات و مەترسییەکانی بۆ ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی درێژ بخاتەوە.