دەسەڵاتی دادوەریی په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى هەولێرو به‌غدا ده‌كات

عیراق

53 خولەک پێش ئێستا‌ 262 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەسایەی گرژییە دەستورییەکانی نێوان بەغداو هەولێردا، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ڕونکردنەوەیەکی بەپەلەی بڵاوکردەوەو تێیدا داوا لەحکومەتی ناوەندیی، حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکات پابەندی بڕگەکانی دەستوری ساڵی 2005 بن، هاوکات جەختدەکاتەوە، تەنها دادگای باڵای فیدراڵی تایبەتمەندە بەلێکدانەوەی دەقەکانی دەستور.

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەبەغدا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی یەکگرتوی سەربەخۆیەو سیستمی حوکمڕانی تێیدا کۆماریی پەرلەمانیی دیموکراتییە، زامنی مانەوەشی حوکمەکانی دەستوری ساڵی 2005 کە دادگای باڵای فیدراڵی تایبەتمەندە بەلێکدانەوەی دەقەکانی".

لەکۆتایی ڕونکردنەوەکەدا، دەسەڵاتی دادوەری پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی هەردوو حکومەت‌و لایەنەکان کردوەو دەڵێت، "لەم سۆنگەیەوە داوا لەحکومەتی ناوەندیی (مه‌ركه‌زى)، حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و سەرجەم هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە پابەندبن بەوەی لەدەستوردا دەقی لەسەر هاتوە".

ئەم هەڵوێستەی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دوای ئەوەدێت، دوێنێ سێشەممە عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد بۆ وەرگرتنەوەی دەروازە سنورییەکانی هەرێم‌و کێڵگە نەوتییەکان، لەبەرامبەریشدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکانی بە"پێچەوانەی دەستورو قبوڵنەکراو" ناوبرد.