کەنداڵ جودی ـ شارپرێس:
زانکۆی کۆبانێ لەڕۆژئاوای کوردستان، لەئەنجامی دانوستانەکان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای سوریا، بەفەرمی بوە بەشێک لەزانکۆی پارێزگای حەلەبو دانی پێدانرا، هاوکات سەرجەم بڕوانامەکانی زانکۆکەش لەلایەن حکومەتی سوریاوە بەفەرمی ناسێندران.
لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەمی 2026 لەڕۆژئاوای کوردستان، پرۆسەی تێکەڵکردنەوە (ئهنتیگراسیۆن) لەسەرجەم بوارەکانی سەربازیی، کارگێڕییو پەروەردەدا دەستیپێکردوە، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆی کۆبانێ تێکەڵکراو ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (کۆمەڵگەی فاکەڵتیو پەیمانگەکانی کۆبانێ).
لەوبارەیەوە د.شێروان موسلیم بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی فاکەڵتیو پەیمانگەکانی کۆبانێ بهشارپرێس-ى وت، "ماوەیەکی زۆرە دانوستانەکانمان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانکۆی حەلەب بەردەوامە، لەئەنجامیشدا ڕێککەوتین لەسەرئەوەی، زانکۆی کۆبانێ ببێتە بەشێک لەزانکۆی حەلەبو تایبەتمەندیی خۆییو فاکەڵتییەکانی بپارێزێت".
د. شێروان موسلیم ئاشکرایکرد، سەرجەم بڕوانامەکانی زانکۆی کۆبانێ لەلایەن حکومەتی سوریاوە دانیان پێدانراوەو بونەتە بڕوانامەی فەرمی، خوێندکارانیش بەشێوەیەکی فەرمی لەسەر ئاستی هەموو سوریا لەکۆمەڵگەی فاکەڵتیو پەیمانگەکانی کۆبانێ درێژە بەخوێندنەکانیان دەدەن.
بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی فاکەڵتیو پەیمانگەکانی کۆبانێ بەفەرمی ناساندنی بڕوانامەکانی بەسەرکەوتنێکی گەورە بۆ تەواوی خوێندکارانی کورد وەسفکردو جەختیکردەوە، "کارو هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆئەوەی لەداهاتودا زانکۆکەمان ببێتە زانکۆیەکی سەربەخۆو ڕاستەوخۆ سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا بێت، ئامادەکارییەکانیشمان لەو چوارچێوەیەدا بەردەوامین".
زانکۆی کۆبانێ لەساڵی 2017 لەشاری کۆبانێ بەههشت فاکەڵتیو سێ پەیمانگە دامەزراوەو هەروەها ههشت بەشی ماستەرو چوار بەشی دکتۆراشی تێدایە؛ تائێستا 805 خوێندکار لەو زانکۆیە دەرچونو لەئێستاشدا ههزارو 326 خوێندکار درێژە بەخوێندن دەدەن.
لەبەرامبەردا، سەبارەت بەچارەنوسی زانکۆی ڕۆژئاوا لەشاری قامیشلۆ، تائێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوەو دانوستانەکان لەبارەیەوە بەردەوامن.
