رۆژوو بەتامی ئازادی
رەمەزانی موسڵ لەدوای داعش.. كردنەوەی چێشتخانەكان‌و رۆژوونەگرتنی ئاشكرا

عیراق

10/06/2017‌ 1464 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
رەمەزانی ئەمساڵ لەسێ ساڵی پێش خۆی جیاوازترە، چونكە بۆ یەكەمجارە موسڵییەكان بەمەودایەك لەئازادی بێ پێشینەوە پێشوازی لێدەكەن لەدوای رزگاربوونی نزیكەی 90%ی شارەكەیان لەدێوەزمەی تۆقێنەری داعش.

پەیڕەكردنی رێوڕەسمە ئایینیەكان بەبێ فەرمان‌و رێنماییەكانی دەوڵەتە توندڕەوەكەی داعش خەریكە رێچكەیەكی تر لەشاری موسڵدا دەگرێت ئەویش دوای ئەوەی بەشی زۆری شارەكە لەدەسەڵاتی ئەو رێكخراوە رزگاری بوو كە بۆماوەی سێ ساڵ بەزەبری شمشێر حوكمی كرد، تەنانەت لەدوا ساتەكانیشیدایە لەو چەند گەڕەكە كەمەی هێشتا لەژێر كۆنترۆڵیدا ماون.

رۆژوونەگرتنی ئاشكرا‌و بێتوانایی‌و شۆڕش
بەشێوەیەكی بێ پێشینە لەو شارە موحافزكارەدا كە هەمیشە مەیلی بەلای ئایینداریدا چووە، پەیامنێری "نیقاش" تێبینی رێژەیەكی زۆری رۆژوونەگرتنی كردووە لەمانگی رۆژوودا، ئاشكرایشە كە هەندێك لەمسوڵمانان بوێرییەكی زۆریان هەیە بۆئەوەی بەبێ ترس رۆژوونەگرتنیان ئاشكرا بكەن.

چەند دەیەیەكە ئەوە رووی نەداوە، چونكە پۆلیس لەسەردەمی سەدام حسێندا لێپێچینەوەی لەگەڵ هەر كەسێكدا دەكرد كە بەئاشكرا رۆژوو نەگرێت ئەویش بەبەندكردنێكی ئاسایی‌و غەرامەكردن، پاشان كاتێك رێكخراوە توندڕەوەكانی وەك رێكخراوی قاعیدە‌و داعشی میراتگری باڵادەست بوون، سزاكە پەرەی سەند بۆ ئاستی كوشتن.

ئەم هەڵوێستە نوێیە بەرامبەر ئایینداری كە بەئاشكرا بەرامبەر گرنگترین فەرزە ئایینیەكان لەلای مسوڵمانان دەركەوتووە كە رۆژووگرتنە، بە چەند هۆكارێك لێكدەدرێتەوە، گرووپێك لەوانەی رۆژووناگرن پاساویان ئەوەیە كە توانای رۆژووگرتنیان نییە لەوانەش حاجی خزر حسێن (72 ساڵ).

ئەم پیاوە دەڵێت لە 18 ساڵیەوە بەردەوام لە مانگی رەمەزاندا رۆژووی گرتووە، بەڵام ئەمجارەیان رۆژووی نەگرتووە‌و دەشڵێت: "ئەو هەلومەرجی جەنگ‌و گەمارۆیەی كە بەدرێژایی سێ ساڵی رابردوو تێیدا ژیاوین كاریگەری خراپی لەسەر پێكهاتەی جەستەیی‌و دەروونیم هەبووە، بەڕادەیەك كاتێك هاوڕێكانم 20 رۆژ لەمەبەر دوای ئازادبوونمان بینیانم، نەیانناسیمەوە".

حاجی، كە بە روخسارە ماتەكەیەوە زەردەخەنەیەكی كرد‌و ئاماژە بۆ زەرفێك دەرمان كرد‌و وتی: "هەوڵم دا رۆژوو بگرم، بەڵام كە بۆماوەی كەمتر لە پێنج سەعات نانم نەخوارد لەهۆش خۆم چووم، ئیتر ناچار بووم لەو هەوڵەم پەشیمان ببمەوە، ئەمەش ئەو دەرمانانەیە كە پزیشك بۆی نووسیم‌و بریتین لە دەرمانی بەهێزكەر‌و تەواوكەری خۆراكی".

نموونەی حاجی خزر زۆرن بەتایبەتی لەنێو رزگاربووانی نوێی بەری راستی موسڵ كە دانیشتووانەكەی هەشت مانگی رابردوویان لەسایەی گەمارۆیەكی تونددا بەسەربردووە بەهۆی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانەوە، زۆریشیان ناچاربوون لە رۆژێكدا تەنیا یەك ژەم نان بخۆن.

گرووپەكەی دیكەش گەنجان رێژەیەكی زۆریان پێكدەهێنن، ئەمانە بەئاشكرا رۆژوو ناگرن بەبێ بوونی پاسا‌و یاخود هیچ ترسێك، پێدەچێت ئەم هەڵوێستەشیان بەشێك بێت لە كاردانەوە بەرامبەر هەڵسوكەوتی توندڕەوانەی داعش كە پێیوابوو دەوڵەتێكی بەپێی شەریعەتی ئیسلام دامەزراندووە، بەڵام كوشتن‌و زەوتكردنی ئازادییەكانی بڵاودەكردەوە.

یونس عەبدوڵڵا (33 ساڵ) دوو هەفتە لەمەوبەر لە مەرگی راستەقینە رزگاری بوو كاتێك چەكدارانی داعش تەقەیان لە خۆی‌و خێزانەكەی كرد لەبەرئەوەی هەڵاتبوون بۆ لای هێزە عێراقییەكان، ئەو بۆ یەكەمینجارە لە مانگی رەمەزاندا نانی نیوەڕۆ لە چێشتخانەیەكدا دەخوات.

سەبارەت بەو هەڵوێستەشی دەڵێت: "بە راشكاوی پێشتر پابەندی رۆژووگرتن دەبووم، بەڵام ئەمڕۆ پەرۆشیم بۆ ئەو كارە نییە، بەڵكو بوێرتریشم لە ئاشكراكردنی پابەندنەبوونم بە فەرزە ئایینیەكانەوە‌و ناشبینم كۆمەڵگە سەرزەنشتم بكات لەسەر ئەو بڕیارە، ئەویش بەهۆی ئەو كارانەی توندڕەوان بەناوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە بەرامبەریان كردین، هەروەها بەهۆی هەڵوێستی تەماشاكاری پیاوانی ئایینی میانڕەو سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی روویان دەدا".

ئەو دوای ساتێك لە بێدەنگی، پاروویەكی گەورەی خستە دەمیەوە‌و وتی: "ئەگەر ئەمەم لە رەمەزاندا بكردایە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا سەریان دەبڕیم".

هەڵوێستی پۆلیس لە رۆژوونەگرتنی ئاشكرا
چێشتخانەی نجوم لە اوچەی كۆمەڵەی رۆشنبیری لە باكووری موسڵ كە یونس نانی لێدەخوارد جیاواز لە جاران، ئاشكرابوو، چونكە بەر لە حوزەیرانی ساڵی 2014 كاتێك موسڵ لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا بوو تەنیا رێگە بە سێ چوار چێشتخانە لە ناوەندی شارەكە دەدرا لە رەمەزاندا پێشوازی لە خەڵك بكەن بەو مەرجەی پەردەیەك بۆ داپۆشینی رووكاری چێشتخانەكە دابنێن تا رۆژووانان ناوەوەی نەبینن ئەویش وەك رێزگرتن لە هەست‌و سۆزیان.

لەسەردەمی داعشیشدا كەس نەیدەوێرا چێشتخانەكەی لە كاتی رۆژووگرتندا بكاتەوە ئەگینا تەرمەكەیان بە یەكێك لەعەمودەكانی كارەباوە هەڵدەواسی.

ئێستاش پۆلیس دەستوەرناداتە سەپاندنی رۆژووگرتن بەسەر دانیشتووانی ناوچەكەدا، بەڵكو رێنمایی تایبەتی بەم مانگەی دەركردووە وەك رێوشوێنێكی خۆپارێزی بۆ رێگەگرتن لە هەر سەرپێچییەك لە ناوچە ئازادكراوەكاندا، بەتایبەتی كە شارەكە لە بارێكی نائاساییدا دەژی، چونكە ئێستا شەڕی سەخت لە بەشێكی بچووكی بەری راستدا بەڕێوەدەچێت كە هێشتا ئازاد نەكراوە.

قەدەغەكردنی پۆشینی حیجاب لە شوێنە گشتییەكاندا دیارترین ئەو خاڵانەیە كە لەو فەرمانە نوێیانەی پۆلیسدا هاتووە، ئەویش لەترسی خۆشاردنەوەی ئەندامانی داعش لەو جلوبەرگەدا بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆكوژی لەدژی هاووڵاتیانی مەدەنی یان هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەكە ئازادكراوەكاندا.

هەروەك پۆلیس هانی خاوەنی ئەو چێشتخانانەی داوە كە لە رەمەزاندا دەكرێنەوە، چاودێری هەر كەسێك بكەن كە دەچێتە ئەو شوێنانە‌و بیانپشكنن لەترسی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی تێیاندا وەك ئەو هێرشانەی رێكخراوە توندڕەوەكان بەر لەحوزەیرانی 2014 لەم مانگەدا لە دژی چێشتخانەكان لە موسڵ ئەنجامیان دەدا.

بێگومان ئەمڕۆ مەودای ئازادی لە هەر كاتێكی تر زیاترە، بەڵام بارودۆخەكە هەر بەو جۆرە نابێت، رەنگە ئەو مەودایە بەرتەسك ببێتەوە یاخود زیاتر ببێت، مەسەلەكە بەزۆری بەندە بە رەوشی ئەمنیەوە، ئایا سەقامگیری ئەمنی درێژە دەكێشێت یاخود مانگی هەنگوینیە‌و بە ئاڵۆزبوونێكی مەترسیداری دیكە كۆتایی دێت وەك ئەوەی لەدوای گۆڕانكاریە گەورەكە لە 2003 روویدا.

ئاكامەكە هەرچییەك بێت‌و لەگەڵ ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ موسڵییەكان پێی شاد بوون، هێشتا نزیكەی 150 هەزار كەس لەدانیشتووانی موسڵ بەهۆی ئەوەوە دەناڵێنن كە تائێستا لەژێر دەسەڵاتی رێكخراوی داعشدان، ئەمانە نە رەمەزان‌و نە هەر شتێكی تریان بەلاوە گرنگ نییە‌و ئامانجیان ئەوەیە بەهەر رێگایەك بێت لە مردن رزگاریان بێت.