توركیا لەئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆم سنوورەكانی بەڕووی هەرێم داناخات

کوردستان

15/06/2017‌ 1771 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا رایگەیاند، لەئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان سنوورەكانی وڵات بەڕووی ئەو هەرێمە داناخرێت.

ئیبراهیم كاڵن لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، راستە توركیا دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە سنوورەكانی توركیا بەڕووی ئەو هەرێمە وەك كاردانەوەی خێرا داناخرێن.

وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا جەختیشیكردەوە، ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقن‌و بۆ پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانیش، لەگەڵ بەرپرسانی بەغداو هەولێر گفتوگۆ دەكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان‌و مەسعود بارزانی رۆژی 7 ئەم مانگە كۆبوونەوەو لەكۆبوونەوەكە بڕیاریاندا، رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم ئەنجامبدەن، كە ئەمە كاردانەوەی لێكەوتەوە.

كاردانەوەكانی بەشێكی زۆری بۆ دژایەتی پرۆسەكە بوو، كە یەكێك لەو وڵاتانەی دژایەتی دەكات توركیای دراوسێی هەرێمی كوردستانەو بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە بەردەوامی جەخت لەپاراستنی یەك چارەچەیی عێراق دەكەنەوە.
 
هـ ـ ح