چاوەڕوان دەكرێت یەكێتی نوێنەرەكەی خۆی دیاریبكات
زۆرینەی حیزبەكانی نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاریكردووە

کوردستان

20/06/2017‌ 1480 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، كاندیدی خۆیان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەستنیشانكردووەو چاوەڕێی یەكێتیش دەكرێت نوێنەرەكەی خۆی دیاریبكات.

 هەفتەنامەی باس لەزاری  نوری حەمەعەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكرات ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بڵاویكردەوە، سەرجەم حیزبەكان نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاریكردووە، تەنیا یەكێتی نیشتمانی ماوە".

ئەوە لەكاتكێكدا، كە پێشبینیناكرێت ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی نوێنەر دیاریبكەن، ئەوەش بەهۆی تێبینییەكانیان لەسەر پرۆسەكە.

نوری حەمەعەلی راشیگەیاند ”دەبێت ئەو كەسانەی لەكۆمیتەكەدا نوێنەرایەتی حیزبەكان دەكەن، لەئاستێكی بەرزدابن‌و دەبێت ئەو كەسەی دیاریدەكرێت، حیزبەكەی بەگوێی بكات‌و كەسێك بێت خاوەنی قسەو بڕیار بێت".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی جەختی لەوە كردەوە، هێشتا دیار نییە كۆمەڵ‌و گۆڕان نوێنەری خۆیان دیاریدەكەن یان نا؟ بەڵام لەھەر ئەگەرێكدا دەبێت پەلەبكرێت، چونكە ”ماوەیەكی دیاریكراومان لەبەر دەستە“.

ناوبراو ئاشكراشیكرد، كە هۆشیار زێباری سەرۆكی كۆمیتەی ڕیفراندۆمەو مەسعود بارزانیش سەرپەرشتیاریی گشتی پرۆسەكە دەكات، ئێستاش سەرجەم حزبەكان ناوەكانیان بۆ لیژنەكە ناردووەو بڕیارە لیژنەی دیكەش دروستبكرێت بۆ پارێزگاكان‌و شارەكان‌و ناوچەكان.

پرۆسەی ریفراندۆم رۆژی 25/9/2017 بەرێوەدەچێت، ئەوەش بەبڕیاری مەسعود بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، كە ئەم بڕیارە كاردانەوەی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بەدواوە هاتووە.

سەعد خالید، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بۆ هەفتەنامەكە رایگەیاندووە ”تەنیا یەكێتی ماوە نوێنەری خۆی بۆ كۆمیتەكە دیاریبكات، ئەگینا سەرجەم حیزبەكان نوێنەریان دیاری كردووە“. 

سەعد خالید راشیگەیاند "هێشتا گفتوگۆكان لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵ لەبارەی ڕیفراندۆمەوە كۆتایی نەهاتووەو چاوەڕێ دەكرێت دوای گفتوگۆكان، ئەوانیش نوێنەری خۆیان دیاریبكەن".

گۆڕان‌و كۆمەڵ بەهۆی ئەوەی پرۆسەكە بەپرۆسەیەكی "حیزبی" ناودەبەن، بۆیە نوێنەریان بۆ كۆمیتەكە ناونەبردووەو داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانیش بۆ ئەو مەبەستە دەكەن، یەكێتیش بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی تائێستا نوێنەرەكەی دیارینەكردووە.

هـ ـ ح