ئەمریكا "دژایەتی خۆی" بۆ راپرسی دووپاتدەكاتەوە
ناوەڕۆكی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی تێلەرسۆن‌و عەبادی‌و بارزانی ئاشكرادەكرێت

کوردستان

05/08/2017‌ 4918 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەیوەندی تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رێكس تیلەرسن لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی و سەرۆكی مەسعود بارزانی ئەنجامدراوەو تێدا ئەمریكا "دژایەتی خۆی بۆ راپرسی هەرێم دووپاتكراوەتەوە".

كونسوڵخانەی ئەمریكا لەهەرێم ئەمڕۆ شەممە لەراگەیەنراوێك بڵاویكردووەتەوە، كە دوێنێ وەزیری دەرەوە بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، ئەوەش بۆ دووپاتكردنەوەی پشگتیری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەلی عێراق‌و شەڕی هاوبەشی هەردوولا لەدژی داعش. 

كونسوڵخانەكە بڵاویشیكردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو عێراق بەتەواوەتی پابەندن بەشەراكەتی گشتگیری نێوانیان، كە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لەیەكتر خۆی دەبینێتەوە، هەروەها "بناغەكەی بریتییە لەڕێكەوتنی ستراتیجی چوار چێوەی كاری نێوان عێراق‌و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە لەم چوارچێوەیەدا دەستەبەری هاوكاری سیاسی‌و ئابووریی‌و كلتوریی‌و ئاساییش كراوە".

كونسوڵخانەكە ئاشكراشیكردووە، پاشان وەزیری دەروە بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود بارزانی كردووە بۆ "تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتە سیاسی‌و ئەمنیەكانی عێراق". 

هەروەها رایگەیاندووە "لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا وەزیری دەروە ستایشی ئازایەتی پێشمەرگەی كردو سوپاسی كردن بۆ ڕۆڵی سەرەكیان لەشكستپێهێنانی داعش لە موسڵ".

لەگەڵ ئەوەش وەزیری دەرەوەی ئەمریكا باسی ریفراندۆمی هەرێمی كردووەو جەختیكردەوە، "لەبەرهەڵستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی‌و پەیامی پشتگیری بەردەوامی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاشی گەیاند بۆ عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵی یەكگرتوو".

هاكات وەزیری دەرەوە هانی سەرۆك وەزیران عەبادی‌و بارزانیدا بۆ بەشداریكردنی هەردوولا لەگفتوگۆی دروستەكەر لەسەر تەواوی بابەت‌و كێشەكان.

هەر لەمیانەی هەردوو پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا، وەزیری دەرەوە پشتگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای بۆ گەلی عێراق‌و شەڕی هاوبەشی هەردوولا دژی داعش دووپاتكردووەتەوەو دوبارەیكردووەتەوە لەپێویستی بەردەوامی هاوكاریی بەهێزی نێوان بەغداو عێراق لەشەڕی داهاتووی نزیكیان لەدژی داعش لەتەلەعفەرو حەویجە.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەكاتێكدایە، كە مەسعود بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بڕیاریانداوە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدەن، كە ئەمریكا پێشتریش دژایەتی خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە راگەیاندبوو.
 
هـ ـ ح