بەشی كوردی پێگەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵویستی ئەمریكای لەسەر ریفرەندۆم بڵاونەكردەوە

کوردستان

18/08/2017‌ 799 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشی كوردی پێگەی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر پرسی ریفرەندۆم بڵاونەكردەوە، لەكاتێكدا بەشی ئینگلیزی پێگەكە بڵاویكردووەتەوە.

بەشە ئینگلیزییەكەی پێگەی سەرۆكایەتی هەرێم لەهەواڵەكەدا بڵاویكردووەتەوە، كە لەكۆبوونەوەی ڕۆژی ڕابردووی (پێنج شەممە ١٧ی ئاب) نێوان ژەنەراڵ (جۆزێف ڤۆتێل) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكاو مەسعود بارزانی، بەرپرسە ئەمریكییەكە بەبارزانی وتووە: "پێویستە پڕۆسەی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی دوابخرێت، چونكە لەوانەیە زیان بەشەڕی دژ بەداعش بگەیەنێت".

هەروەها لە بەشی ئینگلیزی پێگەی سەرۆكایەتی هەرێمدا هەڵویستی شاندە ئەمریكییەكە لەسەر پرسی ریفرەندۆم خراوەتەوە، كە باسی لەوە كردووە فەرماندە سەربازییەكەی ئەمریكا هەڵوێستی وڵاتەكەی لەسەر ریفرەندۆم دوپاتكردووەتەوە، بەوەی واشنتۆن "دژایەتی خۆی بۆ پرسەكە نیشانداوە".

ئەمە لەكاتێكدایە لەبەشی كوردی پێگەی سەرۆكایەتی هەرێم تەنیا باس لەوەكراوە، كە مەسعود بارزانی بەشاندە ئەمریكیەیكەی وتووە "ئەو لەهەڵوێستی ئەمریكا بەرانبەر ریفرەندۆم دەگات‌و پرسەكە كاریگەری لەسەر شەڕی داعش نابێت".

هاوكات لەبەشە كوردییەكەدا ئەوەش هاتووە، كە "شاندە ئەمریكییەكە پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لەتێكشكاندنی داعش‌و ڕایگەیاند، هاوپەیمانان بەو ئەنجامە گەییشتوون، ئەو سەركەوتنانەی لەئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لەبەرانبەر داعشدا بەدەست هاتوون بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگەو حكومەتی هەرێم‌و نەدەهاتەدی".

رۆژی پێنجشەممە شاندێكی باڵای ئەمریكا بەسەرۆكایەتی ژەنەراڵ جۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا، باڵیۆزی ئەمریكا لەبەغدا، كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێم‌و ژمارەیەك راوێژكاری سەربازی سوپای ئەمریكا لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبوونەتەوە.

هەواڵەكە لەبەشی زمانی ئینگلیزی

هەواڵەكە لەبەشی زمانی كوردی 

قسەكانی بەرپرسە ئەمریكییەكە بەزمانی ئینگلیزی..
General Votel reiterated the position of the United States and that the process should be delayed. The General added that the referendum may have a negative impact on the operations against the terrorists of the Islamic State.