شیكاری.. دروستبوونی دەوڵەتی باشووری كوردستان دووبارەبوونەوەیەكی ڕەهای باشووری سودانە

کوردستان

29/08/2017‌ 2773 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شیكاری: عەلی نادر
ئەگەر بمانەوێت بەڕوونی ئەو ،بەناو، دەوڵەتە ببینین، كە بڕیارە لەباشووری كوردستان چاو بەدنیا هەڵبێنێت، ئەوا هەر لە ئێستاوە دەتوانین بەدڵێكی پڕحەسرەتەوە سەیرێكی باشووری سودان بكەین‌و مەنجەنیقێكی نوێ بۆ لەباربردنی كورد لەسودانەكەی بارزانیدا بەدی بكەین.

هەندێك لەچاودێران باوەڕیان وایە دروستبوونی دەوڵەتی بەناو باشووری كوردستان بەم دۆخەی ئێستاوە دووبارەبوونەوەیەكی ڕەهای باشووری سودانە، چونكە تاوەكو ئێستا بەهەمان ئەو ڕێچكانەدا گوزەری كردووە كە باشووری سودانی پێدا تێپەڕیوە.

لە 9ی تەمموزی 2011 لە كیشوەری ڕەش، دەوڵەتێك بەناوی باشووری سودانەوە لە پاش نیو سەدە ململانێی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی سوداندا توانی ئاڵایەكی نوێ بەرز بكاتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ڕێكەوتنامەیەكی ساڵی 2005 بوو كە كۆتایی بە درێژترین جەنگی خوێناوی لە كیشوەری ئەفریقا هێنا. بەجۆرێك حوكوومەت و جوداییخوازانی باشوور دوای چەندین ساڵ جەنگی نێوخۆیی گەیشتە ڕێكەوتنی كۆتایی. بەڵنیشیان دا دوای شەش ساڵ گشتپرسییەك بە مەبەستی جیابوونەوەی باشوور ئەنجام بدرێت.  

وەكو بڕیار درابوو گشتپرسییەكە ئەنجام درا و عومەر بەشیری سەرۆكی سودان بەڵێنی دا ڕێز لە ئەنجامی گشتپرسییەكە بگرێت و بە ئەنجامەكەی قایل بێت. ئەمریكایش بەڵێنی دا كە ئەگەر گشتپرسییەكە بە خاوێنی بەڕێ بكرێت ئەوا ئەو وڵاتە لە لیستی تیرۆر دەردەهێنێ. ئەوە بوو لە مانگی كانوونی دووەمدا 98% دەنگدەران دەنگیان بە جیابوونەوەی فراوانترین وڵاتی ئەفریقا دا. 

هەرچەند دەنگدانەكە ئاشتییانە بوو، بەڵام لە سنورە بە نەوت دەوڵەمەنەدەكاندا ئاڵۆزییەكان بەردەوامییان هەبوو. شایانی باسە دەنگدانەكە لەنێوان نزیكەی 4 ملیۆن كەسدا ئەنجام درا و دەنگی (بەڵێ) زۆرینەی ڕەهای هێنا.

لەو كاتەدا دەستبەجێ سەربەخۆیی ڕانەگەیەنرا، بابەتەكانی وەكو ناوچە كێشە لەسەرەكانی هاوشێوەی ناوچەی (ئابەی)، كێشەی هاوڵاتییان،  كێشە یاساییەكان و بابەتەكانی وەك سەرچاوەكانی نەوت پێویستیان بە دانوستان بوو. هەر بۆیە بڕیار درا 9ی مانگی تەمموزی 2011 بە ڕۆژی سەربەخۆیی دیاری بكرێت.
 
دوای چەند ڕۆژێك عومەر بەشیر زەنگی مەترسیی سەرهەڵدانی جەنگێكی خوێناوی لە ناوچە سنورییەكاندا لێدا. 

ئەم دەوڵەتە تازە پەیدابووە لەبنەڕەتدا لە دە ویلایەت پێك دەهات كە هەموویان دەكەوتنە ئەوپەڕی باشووری وڵاتی سودانەوە، یەكێكیشە لەو دەوڵەتانەی كە لە ڕووی ڕەگەزەوە فرەجۆرترینە و نزیكەی 60 ڕەگەزی جیاواز لە خۆ دەگرێت.

سەربەخۆیی نەیتوانی نەهامەتییەكانی جەنگی نێوخۆیی كۆتایی پێ بێنێت، جەنگی نێوخۆیی 2015-2016 زیاد لە 2 ملیۆن هاوڵاتیی ئاوارە كرد، كە ئەمەش بووە گەورەترین هەڕەشە لەبەردەم سەركەوتنی دەوڵەتێكدا كە تازە پەیدا ببوو.

سەركردەی ئەم وڵاتە كەسێكە بەنێوی سیلڤا كییر، هاوشێوەی بەرزانی، سیلڤا كییر لە ساڵی 2005 وەكو سەركردەی بەشە ئۆتۆنۆمییەكەی سودان هەڵبژێردرا، كە ئەو كاتە باشووری سودان حوكوومەتێكی ئۆتۆنۆمی بوو؛ هێشتا سەربەخۆ نەبوو. كییر لە ساڵی 2011 بۆ جاری دووەم لە هەڵبژاردنە فرە حزبییەكەی ئەو وڵاتەدا هەڵبژێردرایەوە.

لە مانگی ئەیلولی 2011دا كییر بەڵێنی چاكسازیی سیاسیی دا و چەند ڕێگەچارەیەكی دانا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەڵێنیشی دا بەڵێننامە حوكوومییەكان بدرێن بە دامەزراوە شەرعییەكان و بەرپەرسانیش ناچار بكات كە سامانەكانیان ئاشكرا بكەن. لێرەدا دەبینین كە بارزانی لە هەمان ساڵدا كۆمەڵێك بەڵێنی چاكسازی دا و دواتریش نەیبردنە سەر. 

جێی سەرنجە كە سەرەتای دەستپێكردنی خەباتی كییری، هاوشێوەی بەرزانی، بۆ شەستەكانی سەدەی ڕابوردوو دەگەڕێتەوە كە ئەو كاتە لە جەنگی نێوخۆیی سوداندا بەشداری كردبوو، دواتر لە ساڵی 1983دا دەستی دایە شۆڕش و یاخی بوویەوە، دوای ماوەیەكیش بوو بە سەرۆكی پارتی (بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی سودانی).

دوای دوو ساڵ لە پێكهێنانی كابینەی حوكوومەتەكەی، كییریی سەرۆك وەزیران حوكوومەتەكەی هەڵوەشاندەوە و تاكڕەوانە سەركردایەتیی وڵاتی گرتە دەست. بەمەش ئەو وڵاتە كەوتە نێو جەنگێكی نێوخۆییەوە، بیانوی ناوبراو تەنها ئەوە بوو كە جێگرەكەی، ڕیك ماچەر، هەوڵی كودەتایەكی شكستخواردووی دابوو.

تاوەكو ئێستایش ڕوون نییە كە پلانێك هەبووبێت بۆ كودەتا لەو وڵاتەدا، بەڵام كییریی سەرۆك دەستی تۆمەت بۆ جێگیرەكەی درێژ دەكات و باوەڕی وایە هەوڵی كۆدەتای داوە. لە بەرامبەریشدا ماچەری جێنیشینی هەموو تۆمەتەكان ڕەت دەكاتەوە و ڕەخنەی لە كییریش دەگرێت كە نەیتوانیوە چارەسەری گەندەڵی بكات، ئاماژەیش بەوە دا كە بە نیازە بۆ سەركردایەتیی پارتەكەی ڕكابەریی بكات. 

(كییر)ی سەرۆك وەزیران ئەندامێكی نەتەوەی (دینكا)یە، ئەم نەتەوەیە گەورەترین گروپی ئەتنیكی باشووری سودانە، بەڵام ماچەری نەیار و جێنیشینی ئەندامی نەتەوەی (نویر)ە، نەتەوەكەی ئەمیش دووەم گەورەترین گروپی ئەتنیكی نێو ئەو وڵاتەیە. باوەڕ وایە جیاوازی نەتەوەیی نێوان ئەم دوو سەركردەیە یەكێك بێت لە هۆكارەكانی دروستبوونی ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتە.

حكومەت و چەكدارە یاخییەكان لە ساڵی 2014 لە ئەسیوبیا گفتوگۆی ئاشتییانەیان دەست پێ كرد، لە ژێر گوشاری نەتەوە یەكگرتووەكاندا هەردوولا لە مانگی ئابی 2015 دا ڕێكەوتنامەیەكی ئاشتییان واژۆ كرد.

لە مانگی نیسانی 2016دا ماچەری سەركردەی شۆڕشگێڕەكان لە تاراوگە گەڕایەوە و وەكو یەكەمین جێنیشینی سەرۆك وەزیران سوێندی یاسایی لە حوكوومەتە یەكگرتووەكەدا خوارد. دوای چەند مانگێك لە دەستپێكردنی جەنگەكان دووبارە ماچەر لە وڵات وەدەر نرا.

لە باشووری سودان ئازادی ڕۆژنامەوانی لە ئاستێكی زۆر لاوازدایە، كە تێیدا گروپە چەكدارەكان بە هۆی دامەزراوە یاساییە لاوازەكان و پەستانی سیاسییەوە ڕێگرن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری. ڕۆژنامەنووسان تەنها بەهۆی ڕەخنەگرتن لە حوكوومەت و پارتی فەرمانڕەواوە دەستگیر دەكرێن. لە لایەن دەسەڵاتەوە ڕۆژنامەكان دادەخرێن و ڕێگری لە بلاوبوونەوەیشیان دەكرێت. كەناڵی تەلەفزوێنی فەرمیی وڵاتیش ڕكابەرێكی لاوازی هەیە، هەژاری و نەبوونی كارەبای پێیوست ڕێگرن لە بەردەم دروستبوونی كەناڵی نوێی تەلەفزوێنی.

ئەم دەوڵەتە نوێترین وڵاتی سەر زەوییە، و دەكەوێتە ناوجەرگەی ئەفریقاوە و بە شەش دەوڵەت دەورەی دراوە. ئەم وڵاتە لە نەوتدا دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی چەندین ساڵی جەنگی نێوخۆییەوە بووە بە دواكەوتووترین وڵاتی سەر زەوی. ڕووبەری وڵاتەكەیش گەورەترە لە ڕووبەری هەردوو وڵاتی پرتوگال و ئیسپانیا.

ئەوەی جێی سەرنجە سودان و باشووری سودانیش بە تەواوی پشت بە فرۆشی نەوت دەبەستن كە ڕێژەی 98% داهاتیان بۆ دابین دەكات. بەڵام باشوور، هاوشێوەی كوردستان، هیچ سنورێكی ئاویی نییە، هەر بۆیە ئەمەش یەكێكی تر بووە لەو كێشانەی كە برینی ئەو وڵاتەی زیاتر خوێناویتر كردووە.

بە هۆی جەنگە نێوخۆییەكانەوە ژمارەیەكی زۆر چەك لە دەستی هاوڵاتیاندایە و هەر كاتێكیش جەنگ هەڵگیرسابێت كوشتارگەیە بەرپا بووە. 

تا ئێستا نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی هەشت هەزار سوپای ئاشتیی پارێزی ڕەوانەی ئەو وڵاتە كردووە و داوای سەربازی زیاتریش دەكات، شارەزایان باوەڕیان وایە كە سوپا ناتوانێت ڕێگری لە جەنگێك بكات كە هەموو بستێكی ئەو وڵاتەی تەنییە.

لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابووردودا لە باشوور و خەرتووم لە دووجەنگی خوێناویدا نزیكەی 2 ملیۆن هاوڵاتی كوژراون. باشوور باوەڕی وایە گەلەكەی لە كەلتور و ئایین و نەژاددا جیاوازە، هەروەها زەمەنێكی خوێناویان پێكەوە بە ڕێ كردووە.

لە 12ی مارسی 2016 پێگەی (CNN) لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە لە ویلایەتی ئەتەڵانتا ئەوەی ڕاگەیاند كە "دەستدرێژیی سێكسی بۆسەر هاوڵاتیانی سڤیل بووە بە دیاردە لە لایەن سەربازانی (بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی سودانی)ی سەر بە پارتی فەرمانڕەواوە."  هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند كە "میلیشیاكانی هاوپەیمانی حوكوومەت لەبری وەرگرتنی كرێ دەستدرێژی دەكەنە سەر ئافرەتان."

لە 23ی حوزەیرانی ئەمساڵ پێگەی (the guardian) لە بابەتێكیدا ئەوەی ڕاگەیاند كە خەڵكی ڕۆژانە منداڵەكانیان لە بری خوێندن دەنێرن بۆ كۆكردنەوەی گەڵای دار و پاشماوەی میوە و سەوزە بۆ مەبەستی دابینكردنی خۆراكی ڕۆژانەیان. هەر ئەو پێگەیە ئەوەیشی ڕاگەیاند كە ئەو وڵاتە خاوەنی بەرهەمێكی نەوتی زۆرە و زەوییە كشتوكاڵییەكانیشی زۆر بە پیتن، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و  خراپبەركارهێنانی دەسەڵاتەوە سودیان لێ وەرنەگیراوە. هەندێك لە ویلایەتەكانی بۆ ماوەی چەندین مانگ هیچ جۆرە هاوكارییەكیان پێ ناگات.

هەروەها لە چواری تەممووزی ئەمساڵ پێگە (RT) بڵاوی كردەوە كە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە دروستبوونی كۆمەڵكوژی و دەسترێژیكردنە سەرهاوڵاتییانی سڤیل لە باشووری سودان داوە. هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند كە میلیشیاكانی سەر بە دەوڵەت كاری دزی و تاڵانی و فەرهودیان ئەنجام داوە.

سەرچاوە ئینگلیزییەكان: 
1- بابەتێكی پێگەی BBCNEWS كە لە 12 تەممووزی 2017 بڵاو بووتەوە:
http://www.bbc.com/news/world-africa-14069082
2-  بابەتێكی تری پێگەی BBCNEWS كە لە 27 ئابی 2015 بڵاو بووتەوە:
http://www.bbc.com/news/world-africa-14019204?SThisFB
3- بابەتێكی تری پێگەی BBCNEWS كە لە 10 ئایاری 2014 بڵاو بووتەوە:
http://www.bbc.com/news/world-africa-25427965?SThisFB
4- بابەتێكی تری پێگەی BBCNEWS كە لە 7 شوباتی 2011 بڵاو بووتەوە:
http://www.bbc.com/news/world-africa-12379431?SThisFB
5-  بابەتێكی تری پێگەی the guardian كە لە 22 حوزەیرانی 2017 بڵاو بووتەوە:
https://www.theguardian.com/global-development/2017/jun/23/i-buried-my-smallest-one-under-a-bush-starvation-sorrow-south-sudan?CMP=share_btn_fb
6- پێگەی ئینساكلۆپیدیا بریتانكا:
https://www.britannica.com/place/South-Sudan
سەرچاوە عەرەبییەكان:
1- بابەتێكی  پێگەی RT كە لە 4 تەممووزی 2017 بڵاو بووتەوە:
https://arabic.rt.com/world/886893-%D8%AC%D9%86%D9%88%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%88%D8%AF%D8%A7%D9%86-%D8%AC%D8%B1%D8%A7%D8%A6%D9%85-%D8%AD%D8%B1%D8%A8/#.WaFpwRGeO6U.facebook
2- بابەتێكی پێگەی CNNNEWS ی عەرەبی كە لە 12 مارسی 2016 بڵاو بووتەوە:
https://arabic.cnn.com/middleeast/2016/03/12/south-sudan-shipping-container-deaths
3-بابەتێكی تری پێگەی CNNNEWS ی عەرەبی كە لە 10 تەممووزی 2016 بڵاو بووتەوە:
https://arabic.cnn.com/middleeast/2016/07/09/south-sudan-violence
سەرچاوەی كوردی: 
-كتێبی دەوڵەتی كوردی (مایكڵ ڕۆبن)