واشنتۆن پشتگیری پرۆسەكە ناكات
كۆشكی سپی ئەمریكا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكات

کوردستان

16/09/2017‌ 1670 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئۆفیسی سكرتێری ڕۆژنامەوانی كۆشكی سەرۆكایەتی ئەمریكا "كۆشكی سپی" بەیانـنامەیەكی لەبارەی بڕیاری هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڵاوكردەوە.

لەبەیاننامەكەدا هاتووە، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پشـتیوانی لەو نیازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەكۆتایی ئەم مانگەدا. 

هەروەها لەبەیاننامەكەدا هاتووە، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا جار لەدوای جار بۆ ڕێبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دووپاتكردووەتەوە، كە ڕیفراندۆم سەرنجەكان لادەدات لەسەر هەوڵەكانی دەدرێن بۆ شكستهێنان بەداعش‌و بەدیهێنانی سەقامگیری لەناوچە ڕزگاركراوەكان. 

كۆشكی سپی جەختیكردووەتەوە، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەناوچە جێناكۆكی لەسەرەكان كارێكی ئیستفزازیـیەو ناسەقامگیری لێدەكەوێتەوە، بۆیە "ئێمە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بڕیاری ڕیفراندۆمەكە هەڵبوەشێنـنەوەو لەگەڵ بەغدا دەستبكەن بەوتووێژێكی چڕو بەردەوام‌و ئەمەریكا هەمیشە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئامادەیە كارئاسانی بۆ ئەم مەبەستە بكات".

ئەمە لەكاتێكدایە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریانداوە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدەن‌و ئەمریكاش لەو بارەوە چەند جارێك ناڕەزایی دەربڕیوەو دژایەتی خۆی بۆ دووپاتكردنەوە.

هـ ـ ح