شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەیاننامەیەكی تری لەسەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەركردو بەتوندی دژایەتی خۆی بۆ پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێم دووپاتكردەوە.
بەیاننامەكە بەناوی هیزر نۆیرتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ پێنج شەممە دەركراوەو تێدا هاتووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە "توندی" دژی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانە، كە بڕیارە 25 ئەم مانگە بەرێوەبچێت.
بەیاننامەكە راشیگەیاند، ئەمریكاو وڵاتانی دراوسێی عێراقو زۆربەی لایەنە نێودەوڵەتییەكان دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانن.
بەیاننامەكە داوای لەسەركردایەتی سیاسی كوردستانی ئاگاداركردووەتەوە، كە ئەو جێگرەوەی بۆ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان خراوەتەڕوو، قبووڵ بكەنو لەگەڵ لایەنی بەغدا دەست بەگفتوگۆی جدی بكەن بۆ چارەسەری كێشەكان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختیشیكردووەتەوە، كە ئەگەر بەرپرسانی كورد جێگرەوەی ریفراندۆم قبووڵ نەكەنو سووربن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەوان بەرپرسیارییەتی هیچ كاردانەوەیەك لەو بارەوە لەئەستۆ ناگرنو تەنانەت دوای ئەوەش هیچ رۆڵێكیان لەگفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا نابێت.
ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 25 ئەم مانگە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، كە ئەمریكاو چەند وڵاتێكی تر دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمنو ئەو وڵاتە چەند جارێكی تر لەرێگەی بەیاننامەی فەرمییەوە دژایەتی خۆی بۆ پرۆسەكە راگەیاندووە.
هەروەها بەیاننامەكە جەختی لەوە كردووەتەوە، كە ریفراندۆمی هەرێم هەموو سەرنجەكان لەسەر شەڕی داعش جووردەخاتەوەو پێویستە پەرلەمانی كوردستان بڕیار لەبارەی دواخستنی بدات.
هـ ـ ح