سەرچاوەیەكی باڵای پارتی قسەكانی بافێڵ تاڵەبانی رەتدەكاتەوە

کوردستان

23/09/2017‌ 1244 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئەو قسانەی بافێڵ تاڵەبانی بۆ دواخستنی ریفراندۆم هیچ بنەمایەكی نییەو هیچ رێككەوتنێك بۆ دواخستنی ریفراندۆم نەكراوەو لەكاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت".

سەرچاوە باڵاكەی پارتی بۆ میدیاكانی حیزبەكەی وەڵامی قسەكانی بافێڵ تاڵەبانی داوەتەوە، كە لەپەیامێكدا رایگەیاندووە: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككەوتووین، كە ئایندەی سیاسی كوردستان‌و گەلەكەمان پێویستی بەدانوستانی جدی هەیە لەگەڵ بەغدا".

دەقی پەیامەكەی بافێڵ تاڵەبانی وەك خۆی..
دەقی پەیامەكە:  
بەڕێزان.. كوردستانیانی خۆشەویست!
بەپشت بەستن بە مێژووی خەباتی گەلەكەمان‌و مێژووی خەباتی پڕ سەروەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك یەكەمین حزبی سیاسی‌و لە رۆژی دامەزراندنییەوە، یەكێتییەكەمان بڕیاری مافی چارەی خۆنوسینی بەرز كردووەتەوەو بە پراكتیك خەباتی بۆ ئەم سەروەرییە مێژووییە كردووەو هەرگیز ئەم هەڵوێستەشی ناگۆڕێت، تا بە ئامانج گەیاندنی ئەم كاروانە بەرەو سەربەخۆیی تەواوەتی كوردستان‌و خاكەكەی.

پێتان رادەگەیەنین؛ كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككەوتوین. كە ئایندەی سیاسی كوردستان‌و گەلەكەمان پێویستی بە دانوستانی جدی هەیە لەگەڵ بەغدا. 

پاش لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو رێنمایی‌و پرۆژەو ئامۆژگارییە دڵسۆزانەی كەلە دۆست‌و پشتیوانەكانمانەوە پێمان گەیشتوون، گەشتینە ئەو باوەڕەی كە باشترین رێگاو بەدیل بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخەو گەیشتن بە ئامانجە بەرزەكانی خەباتمان. 

پاكێجی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیایە كە پێشكەشیان كردووین‌و بە باشترین چارەسەری دەزانین لە ئێستادا.

چونكە لە كاتێكی دیاریكراودا دەست دەكرێت بە كۆبوونەوەی چڕوپڕ لەسەر هەموو كێشەكان لەگەڵ بەغدا، كوردو هێزە سیاسییەكان یەك دەست‌و دەستكراوەتر دەبن بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.

ئەگەر بە ئامانجیش نەگەیشتین، ئەوا كورد ئەو كاتەو بە پشتیوانی هاوپەیمانەكانی، دەست دەكاتەوە بە پرۆسەی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی خۆی.
ئێمە پێمان وایە، كە ریفراندۆم لە ئێستاداو لە كاتی دیاریكراودا، نەك هەر ناتوانێت ئامانجی سەربەخۆیی گەلەكەمان بپێكێت، بەڵكو رێگری‌و كێشەی زۆری بۆ دروست دەكات.

لەبەر ئەم هۆكارانەی كە باسمان كرد، بڕیارماندا؛ لەسەر قبوڵكردنی بەدیلی پێشنیاركراوی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیا، بۆیە پێمان باشترە ئەم بەدیلە تاقی بكرێتەوەو كورد بە یەك دەست‌و یەك ئەجیندا لە بەغدا، گفتوگۆیەكی مێژوویی خۆی بكات لەسەر هەموو پرسەكان، تا ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ئێستادا.

ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی كراوەو هەمەلایەنە لەگەڵ بەغداد‌و بە چاودێری‌و پشتگیری هەموو جیهان لە ئێستادا، هەڵبژاردەیەكی زۆر دروستترە لامان.

بۆیە، ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لامان پەسەندترە.