هەرێم سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم
هەولێر لەپێش ریفراندۆم‌و لەدوای ریفراندۆمیش لەگفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامدەبێت

کوردستان

24/09/2017‌ 878 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و هەولێریش لەپێش پرۆسەكەو لەدوای پرۆسەكەش لەگفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامدەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان.

هۆشیار زێباری، یەكێك لەراوێژكارەكانی مەسعود بارزانی بۆ رۆیتەرز رایگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەپێش ریفراندۆمی هەرێم‌و لەدوای ریفراندۆمیش بەردەوامدەبێت.

هۆشیار زێباری رایگەیاند، كە ئەو شاندەی رۆژی شەممە چووەتە شاری بەغدا بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە بووە، ریفراندۆم لەوادەی خۆی ئەنجامدەدرێت‌و لەو بارەشەوە هەنگاو نراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش گفتوگۆكان بەردەوامی دەبێت.

رۆژی شەممە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ شاندێكی هاوپەیمانی نیشتمانی كۆبووەوە، كە ئامانج لێی گفتوگۆ بووە لەسەر ئەو ریفراندۆمەی بڕیارە 25 ئەم مانگە لەهەرێم بەڕێوەبچێت.

راوێژكارەكەی بارزانی ئەوەشی راگەیاندووە، كە شاندی كوردی جگە لەگفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ وڵاتانی تریش بەتایبەتی توركیاو ئێران گفتوگۆ لەبارەی ریفراندۆم‌و ئەنجامەكانیشی دەكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەگەڵ وادەی نزیكبوونەوەی ریفراندۆم لەهەرێم فشارەكان بۆ دواخستنی چڕكراوەتەوەو توركیاو ئێران سەرەڕای رەتكردنەوەی پرۆسەكە داوای دواخستنیشی دەكەن.

هەروەها هێمن هەورامی راوێژكاری مەسعود بارزانی ئەوەی راگەیاندووە، كە شاندی هەرێم بۆ بەغدا بۆ گەیاندنی نامەیەك بووە بە بەرپرسانی عێراق، بەوەی هەرێم لەدوای ریفراندۆم لەگەڵ بەغدا لەگفتوگۆ بەردەوامدەبێت.

هـ ـ ح