هەدەپە هەوڵێكی توركیا بۆ "داگیركردنی كەركوك" ئاشكرادەكات

کوردستان

24/09/2017‌ 3186 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەد یڵدرم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەپەرلەمانی توركیا "پیلانێك"ی پەرلەمانی وڵاتەكەی بەرانبەر بەباشووری كوردستان‌و شاری كەركوك ئاشكراكرد.

ئەحمەد یڵدرم، لەلێدوانێكی بۆ ئاژانسی رۆژنیوز ڕایگەیاند: "دوێنی ڕژێمەكەی ئەردۆغان‌و ئاكەپە ڕووی ڕاستی خۆیان لەپەرلەمانی توركیا نیشاندا، هێرشیان كردە سەر هەموو نرخ‌و بەهاكانی كوردان، ئێمە لەوێ نەك تەنیا باكووری كوردستان بەڵكو بەرگریمان لەباشووری كوردستان كرد، نرخ‌و بەهاكانی باشووری كوردستان نرخ و بەهای ئێمەن، دەبێت باش بزانن ئیدی ئاكەپە دۆستی كوردان نییە، ئەگەر ئەوان دوژمنی كوردانی باكوور بن چۆن دەبنە دۆستی باشوور".

ئەحمەد یڵدرم، راشیگەیاند "چەند ڕۆژێك بەرلەئێستا لەبەردەم بارەگای توركمانەكان لەكەركوك ڕووداوێك ڕوویدا، دوێنێ هێرش كرایە سەر پێشمەرگە، من دڵنیام میتی تورك لەپشت ئەو ڕووداوانەوەن، دەیانەوێت حكومەتی هەرێم لەكەركوك هەنگاوێكی هەڵە بنێت‌و پاشان ئەوانیش شارەكە داگیر بكەن، دوێنێ ئاكەپە ئەو بڕیارەی لەپەرلەمان دا".

ناوبراو، سەبارەت بەبۆچوونی هەدەپە لەسەر ڕیفراندۆمی باشووری كوردستان، رایگەیاند "ئێمە پشتگیری هەر شتێك دەكەین، كە لەبەرژەوەندی خەڵكی باشووری كوردستان بێت، بۆ هەدەپە جیا لەكەس‌و حیزبە سیاسییەكان ئیرادەو داخوازی خەڵكی باشوور گرنگە، نەك هەر پشتگیری دەكەین، بەڵكو هەر هێزو لایەك بیەوێت هێرش بكاتە سەر ئیرادەو داخوازی خەڵكی باشوور بەرانبەری دەوەستینەوە".

ئەحمەد یڵدرم، هەروەها رایگەیاند "پێدەچێت دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دوژمن هێرشەكانی زیاتر بكات ئەوە ئێمە دەخاتە گومانەوە، ئەگەر لەلایەك پێگەیەك بەدەست بخەین نابێت لەلایەكی دیكە دەرگای هێرش بۆسەر كوردستان بكەینەوە".

پەرلەمانتارەكەی هەدەپە جەختیشیكردەوە، كە  بۆ ئەوەی كێشەو ناكۆكی لەنێوان لایەكانی چوارپارچەی كوردستان نەمێنن، لەكورد زیاتر هیچ كەسێكی تر دۆستی كورد نییە، "چەندە ناكۆكییەكانی نێوانمان وەلابنێین ئەوەندە باشتر دەتوانین دەستكەوتەكانمان بپارێزین".

ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی شەممە پەرلەمانی توركیا بڕیاری ئۆپەراسیۆنی ئەودیو سنووری توركیای درێژكردەوە، ئەوەش بەهۆی بەڕێوەبچوونی پرۆسەی ریفراندۆم لە 25 ئەم مانگە لەهەرێمی كوردستان.

هـ ـ ح