شارپرێس:
دانوستانی پاشنیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە لەنێوان ئێرانو سێ وڵاتی ئەوروپیی بەشدار لەڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی کە بەئامادەبونی نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا بەڕێوەچوو، بەبێ هیچ دەسکەوتێک کۆتاییهات.
ئاژانسی ئەکسیوس بڵاویكردوهتهوه، گفتوگۆکان کارەساتبار نەبون، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکیش نەهاتە ئاراوە، لەبەرئەوەی شاندی ئێرانیی هیچ پێشنیازێکی کردارییان سەبارەت بەچارەسەرکردنی ناکۆکییەکان نەبوه.
سێ وڵاتی ئەڵمانیا، بهریتانیاو فەرەنسا کە ئەندامی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمین هۆشدارییان بەئێرانداوە ئەگەر تا ڕۆژی 9ی ئۆکتۆبەر لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەگاتە ڕێککەوتن یا دەستپێکردنی دانوستانێک کە دڵنیایی بداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، میکانیزمی سناپ بەک بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان چالاک دەکەنەوە.
بەگوێرهى ئەو میکانیزمە، لایەنەکانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی دەتوانن تەنها بەناردنی نامەیەک بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان سەبارەت بەپابەندنەبونی ئێران بەڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی، سەرجەم گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانو 7 بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش لەدژی ئێران چالاکبکەنەوە.
باراک ڕاوید پەیامنێری ئاژانسی ئەکسیوس لەشوێنی کۆبونەوەکانەوە لەژنێڤ ڕایگەیاند، "وڵاتانی ئەوروپا ڕاپۆرتی کۆبونەوەکە ڕادەستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکانیان دەکەن تا لەڕۆژانی داهاتودا لەسەر چالاککردنەوەی میکانیسمی سناپ بەک بڕیار بدەن".
کازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کە ئەندامی شاندی ئێران لەدانوستانەکانی ڕۆژی سێشەممە بوو، شەوی ڕابردوو لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویهتى، حکومەتی ئێران هەروا پابەندە بەڕێگەچارەی دیپلۆماسیو داواشی لەسێ وڵاتە ئەوروپییەکەو ئەنجومەنی ئاسایش کردوه، هەڵبژاردنێکی دروستیان هەبێتو بوارو دەرفەت بەدیپلۆماسی بدەن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ سێ وڵاتە ئەوروپییەکە چ لەبواری یاساییو چ لەبواری ئەخلاقییەوە، مافی ئەوەیان نییە ئەم میکانیزمە چالاک بکەنەوە.
لەئەگەری چالاککردنەوەی میکانیسمی سناپ بەک، جیا لەگەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشیش چالاک دەبنەوە کە بەگوێرەی یەکێک لەو بڕیارنامانە، دۆسیەی ئێران دەخرێتە چوارچێوەی بەشی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان؛ ئەوەش ڕێگهی دەستوەردانی سەربازی بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئێران بەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەدات.
