د.ئاسۆ فه‌ره‌یدون له‌باره‌ى قوربانیانى لاله‌زارو لاهور شێخ جه‌نگى نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ى بافڵ تاڵه‌بانى ده‌كات

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 27821 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتیى له‌په‌رله‌مانى عێراق، نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ى بافڵ تاڵه‌بانى ده‌كات‌و داواى لێده‌كات، ڕێگە بدرێت بەپارێزەرانی لاهور شێخ جه‌نگى تاوه‌كو له‌زیندان سه‌ردانى بكه‌ن، ده‌شڵێت:"به‌هۆى قورسی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزار، ونبوو و قوربانی‌و كوژراو لەئەندامانی هێزەكەی لالەزار هەیە، داواكارم چارەنوسیان ئاشكرابكرێت‌و ڕاستی مان‌و نەمانیان بەكەسوكارو خانەوادەكانیان بوترێت".


له‌نامه‌یه‌كدا كه‌ ئاراسته‌ى بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتیى نیشتمانى كردوه‌، د. ئاسۆ فه‌ره‌یدون په‌رله‌مانتارى یه‌كێتیى له‌په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "لەو ڕوبەڕوبونەوەیه‌ى شه‌وى 22ى ئاب لەبەردەم هۆتێل لالەزار له‌سلێمانی ڕویدا، شەوێكی ئێجگار سەخت‌و تاڵ‌و خوێناوی بوو، شەوێكی كەم وێنەبوو كە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو دانیشتوانی شاری سلێمانی نەیانبینیبوو".

ده‌شڵێت:"هەموو ئەوانەی لەشەوی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا دەستگیركران تۆمەتبارن هەتا تاوانەکانیان بەسەردا ساغدەبێتەوە، باوەڕمانوایە دادگا تۆمەتەكان یەكلایی دەكاتەوەو بڕیاری كۆتایی دەدات".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، "لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی‌و خەمخۆریەوەو بەحوكمی دۆستایەتی نێوانمان‌و بەوپێیەی جەنابتان جگەلەوەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانن، هاوكات هەڵگری ڕەگەزنامەی شانشینی یەكگرتوی بەریتانیان، بێگومان (ئیمتیازات)و ماف‌و ئەركی هەیە، وەك پارێزگاری پێشوی پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لەپه‌رله‌مانى عێراق چه‌ند داواكاریه‌كتان ئاراسته‌ ده‌كه‌م".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كێتیى پێنج داواكاریى ئاراسته‌ى سه‌رۆكى حزبه‌كه‌ى كردوه‌، داواكاریه‌كانیش بریتین له‌:

1ـ جەنابتان كەسی یەكەمی باڵادەستن لەم ناوچەیەو سەنگ‌و پێگەتان پەیوەستە بەخەڵك‌و دانیشتوانی ئەمشارەوە، تكایە خەڵك‌و شاری سلێمانی ئاشتبكەنەوەو گرنگی بەو نیگەرانییەی خەڵكەكەی بدەن.

2ـ لەشەوی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا چەندین كەس هەن كە ڕەنگە تەنها لەلالەزار بۆ بژێوی ژیان كاری ئاساییان كردبێت‌و ئێستا دەستبەسەركراون‌و كەسوكارو خانەوادەكانیان لەدڵەڕاوكێی چارەنوسی كوڕو ڕۆڵەكانیاندان، دەكرێت پەلە لە(لێكۆڵینەوە)كانیان بكرێت‌و بگەڕێنەوە ناو كەسوكارو خێزانەكانیان، ئەمەش ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە.

3ـ لەبەر هۆكاری قورسی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزار، ونبوو و قوربانیی‌و كوژراو لەئەندامانی هێزەكەی لالەزاردا هەیە، داواكارم چارەنوسیان ئاشكرابكرێت‌و ڕاستیی مان‌و نەمانیان بەكەسوكارو خانەوادەكانیان بوترێت‌و كار بۆ ڕەواندنەوەی خەمەكانی ئەوانیش بكرێت، چونكە دواجار ئەوانیش ڕۆڵەو هاوڵاتی ئەم نیشتمانەن.

4ـ ڕێگەبدەن بەپارێزەرانی (تۆمەتباران)ی لالەزار کە بیانبینن‌و بەرگریی یاساییان لێبکەن‌و دادگاییكردن لەو كەیسانە ئاشكرابن‌و یاسا سەروەربێت‌و دەستێوردانی سیاسیی نەبێت تا متمانەی هاوڵاتیانیش زیاتربێت بەدادگاكانمان.

5ـ كاری جددی بكرێت كە كەناڵی زوم‌و كارمەندانی ئازادانە كاری خۆیان بكەن‌و كەلوپەل‌و ئۆفیسی كەناڵەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.

ده‌قى نامه‌كه‌ى د. ئاسۆ فه‌ره‌یدون:
نامەیەكی كراوە بۆ بەڕێز: بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سڵاوو ڕێزی بێپایانم...


ساڵی 1989 خوالێخۆشبوی خاڵم (موكەڕەم تاڵەبانی) لەسەر ڕاسپاردەی حكومەتی ئەوكاتەی عێراق دەچێتە دەرەوەی وڵات بۆ بینینی خوالێخۆشبوان (مام جەلال) لەشاری لەندەن‌و (عەزیز محه‌مه‌د) لەشاری پراك، بەمەبەستی دروستكردنی دەرچەیەك بۆ دانوستان لەدوای شاڵاوی ئەنفالی ساڵی 1988.

هەر لەوسات‌و وەختەدا ئامۆزایەكمان بەناوی (پیرۆت تاڵەبانی) لەگەڵ كاك (كەمال شاڵی) لای حكومەتی عێراق دەسگیركرابون‌و حوكمی لەسێدارەدانیان بۆ دەركرابوو، (موكەڕەم تاڵەبانی) داوای لێخۆشبون‌و ئازادكردنی حوكمدراوەكانی لەلای ڕژێمی لەناوچوو كرد.

سەدام حسێن: ئەم گیراوانە تۆمەتبارن یان تاوانبار؟
موكەڕەم تاڵەبانی: بێگومان لەدیدی تۆدا تاوانبارن، بۆیە هاتوم داوات لێدەكەم لێیان ببوریت‌و بیانبەخشیت.

لەپاشان، ئازادكران *(لەبیرەوەریەكانی موكەڕەم تاڵەبانیەوە)

لەو ڕوبەڕوبونەوەی شەوی 21 له‌سه‌ر 22ى مانگی ئاب، لەبەردەم هۆتێل لالەزاردا سلێمانی شەوێكی ئێجگار سەخت‌و تاڵ‌و خوێناوی بەڕێكرد، شەوێكی كەموێنەبوو كە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو دانیشتوانی شاری سلێمانی نەیانبینیبوو.

هەموو ئەوانەی لەشەوی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا دەستگیركران تۆمەتبارن هەتا تاوانەکانیان بەسەردا ساغدەبێتەوە، باوەڕمانوایە دادگا تۆمەتەكان یەكلایی دەكاتەوەو بڕیاری كۆتایی دەدات.

لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی‌و خەمخۆریەوەو بەحوكمی دۆستایەتی نێوانمان‌و بەوپێیەی جەنابتان جگەلەوەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانن، هاوكات هەڵگری ڕەگەزنامەی شانشینی یەكگرتوی بەریتانیان، كە بێگومان (ئیمتیازات)و ماف‌و ئەركی هەیە، وەك پارێزگاری پێشوی پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لەپه‌رله‌مانى عێراق، داواكارم لەبەڕێزتان:

1ـ جەنابتان كەسی یەكەمی باڵادەستن لەم ناوچەیەو سەنگ‌و پێگەتان پەیوەستە بەخەڵك‌و دانیشتوانی ئەمشارەوە، تكایە خەڵك‌و شاری سلێمانی ئاشتبكەنەوەو گرنگی بەو نیگەرانییەی خەڵكەكەی بدەن.

2ـ لەشەوی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزاردا چەندین كەس هەن كە ڕەنگە تەنها لەلالەزار بۆ بژێوی ژیان كاری ئاساییان كردبێت‌و ئێستا دەستبەسەركراون‌و كەسوكارو خانەوادەكانیان لەدڵەڕاوكێی چارەنوسی كوڕو ڕۆڵەكانیاندان، دەكرێت پەلە لە(لێكۆڵینەوە)كانیان بكرێت‌و بگەڕێنەوە ناو كەسوكارو خێزانەكانیان، ئەمەش ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە.

3ـ لەبەر هۆكاری قورسی ڕوبەڕوبونەوەكەی لالەزار، ونبوو و قوربانیی‌و كوژراو لەئەندامانی هێزەكەی لالەزاردا هەیە، داواكارم چارەنوسیان ئاشكرابكرێت‌و ڕاستیی مان‌و نەمانیان بەكەسوكارو خانەوادەكانیان بوترێت‌و كار بۆ ڕەواندنەوەی خەمەكانی ئەوانیش بكرێت، چونكە دواجار ئەوانیش ڕۆڵەو هاوڵاتی ئەم نیشتمانەن.

4ـ ڕێگەبدەن بەپارێزەرانی (تۆمەتباران)ی لالەزار کە بیانبینن‌و بەرگریی یاساییان لێبکەن‌و دادگاییكردن لەو كەیسانە ئاشكرابن‌و یاسا سەروەربێت‌و دەستێوردانی سیاسیی نەبێت تا متمانەی هاوڵاتیانیش زیاتربێت بەدادگاكانمان.

5ـ كاری جددی بكرێت كە كەناڵی زوم‌و كارمەندانی ئازادانە كاری خۆیان بكەن‌و كەلوپەل‌و ئۆفیسی كەناڵەكەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.

لەکۆتاییدا هەموو ئەو ڕوداوانەی لەڕابردودا ڕویاندا، متمانەو خەمخۆریی‌و سەقامگیریی لای تەواوی هاوڵاتیان لاوازدەکات، جگە لەدروستبونی تێڕوانینێکی نەرێنی دۆستەکانمان لەئاستی نێودەوڵەتیدا.

سوپاس بۆ تێگەیشتنی جەنابتان
د.ئاسۆ فەرەیدون عه‌لی ئەمین
ئەندامی په‌رله‌مانى عێراق