شارپرێس:
سێبان حەمۆ، سەرکردە لەهێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، دەستپێشخەرییەکی خستەڕوو بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی کاتیی سوریا، بەوپێیەی ئەم هەنگاوە دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانیی نوێ کە هەموو سورییەکان لەخۆبگرێتو لەسەر بنەمای دیموکراسیو لامەرکەزییەتو ئازادیی ژنان.
ئەو بەرپرسەی هەسەدە جهختیكردوهتهوه، ئەوان دژی پەیوەندیکردن بەسوپای سوریا نیین، بەڵام مەرجیان ئەوەیە کە ئەمە بهگوێرهى بنەما سیاسییە ڕونەکان بێت کە مافی گەلانی سوریا مسۆگەربکات.
جەختی لهوهشكردوهتهوه، سوپا ڕەنگدانەوەی سروشتی سیستمی سیاسییە، بۆیە ناتوانرێت قسە لەسەر یەکگرتنی سەربازیی بکرێت پێش دامەزراندنی بنەما سیاسییە نوێیەکان کە ڕەنگدانەوەی ویستی سورییەکان بێت.
حەمۆ وتویهتى، " پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سەربازیی هاوبەش دەبێتە دەروازەیەک بۆ داڕشتنەوەی دامەزراوە سەربازییەکان دور لەعەقڵیەتی کۆن کە بۆ دەیان ساڵ حوکمی سوریای کردوە".
ئاماژەی بەوەشدا، هەسەدە ئەزمونی سەربازییو سیاسیی فراوانی لەکاتی شەڕەکانی دژی ڕێکخراوی "داعش" بەدەستهێناوە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە هێزێکی سەرەکیی لەهەر پڕۆژەیەک بۆ دوبارە بونیادنانەوەی سوپا.
لەبەرامبەردا، حەمۆ ڕەخنەی لەنەبونی ئیرادەی سیاسیی دیمەشق گرتو حکومەتی ئێستای بەشکستپێهێنانی چەندین هەوڵی گفتوگۆ تۆمەتبارکرد، لەوانە ڕێککەوتنی 10ی ئادارو بەردەوامبونی لەپێشکەشکردنی مۆدێلێکی سیاسیی ناوەندی کە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەپرۆسەی هەڵبژاردن دوردەخاتەوە.
ناوبراو پێیوابوو، ئەو سیاسەتانە رەنگدانەوەی عەقڵیەتی کۆنن، لەکاتێکدا داهاتوی سوریا پێویستی بەگۆڕانکارییەکی سیاسیی ڕاستەقینە هەیە کە لەسەر بنەمای دیموکراسییو دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بێت.
