شارپرێس:
لەراگەیاندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، دڵنیابونەتەوە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەمڕۆ ١ی ئەیلولی ٢٠٢٥ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دێک پیلوێک، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی سەربازی یاوەری کردووە.
لەکۆبوونەوەکەدا، دەربارەی دوایین بەرەوپێشچونەکانی پرۆسەی چاکسازی و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتی سەربازی و فیرقەکانی پیادە لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆکرا.
لای خۆیەوە وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی چاکسازی چڕترکردۆتەوە.
لەبارەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی نوسینگەی هاریکاری ئاسایش گفتوگۆیانکرد، وەزیری پێشمەرگە ستایشی پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، وتیشی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندن و بەهێزبووندایە بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاری دۆستەکانمانە لە سەروو هەمویانەوە ئەمریکا، دڵنیابوینەوە ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن.
هاوکات جەنەڕاڵ دێک، بە سەردانیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی دڵخۆشی خۆیی دەربڕی و وتی، بەردەوام هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبین بۆ بنیتانانی ژێرخانێکی سەربازی نیشتمانی بەهێز و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی.
ئ.ه
