سعودیەو قەتەریش هاتنه‌ بابه‌ته‌كه‌وه‌.. تێچوی چەکدانانی حزبوڵڵا دابیندەکەن

جیهان

27/08/2025‌ 2752 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریاو لوبنان ڕایگەیاند، حکومەتی لوبنان، بەمەبەستی هاندانی حزبوڵڵا بۆ چەکدانان، هەفتەی داهاتو پلانێک ڕادەگەیەنێت‌و سعودیەو قەتەریش تێچوی مادیی جێبەجێکردنی پلانەکە دەگرنە ئەستۆ.


تۆم باراک لەپاش کۆبونەوەی لەگەڵ جۆزف عەون سەرۆک کۆماری لوبنان لەبەیروت وتی، "پلانەکەی حکومەتی لوبنان، گوشاری سەربازیی تێدانییە، بەڵکو هەوڵدەدات بەهاندانی ئەندامانی حزبوڵڵا لەڕێگه‌ی پشتیوانیی داراییەوە، ڕازییان بکات چەکەکانیان دابنێن".

بەشێک لەپلانەکەی حکومەتی لوبنان تایبەتە بەکاریگەریی ئابوریی چەکداماڵین لەسەر ئەو چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە موچە وەردەگرن‌و بڕیارە قەتەرو سعودیەش لەم بوارەدا ڕۆڵى خۆیان بگێڕن.

بەوتەی تۆم باراک، "سوپاو حکومەتی لوبنان باس لەشەڕ لەگەڵ حزبوڵڵا ناکەن، ئەوان قسە لەوەدەکەن کە چۆن دەتوانن حزبوڵڵا ڕازیی بکەن واز لەچەک بهێنێت".

نواف سەلام سەرۆک وەزیرانی لوبنانیش پاش کۆبونەوەى لەگەڵ شاندێكى ئەمریکی ڕایگەیاند، "لوبنان لەسەر ڕەوتێکە کە گەڕانەوەی تێدانییەو دەبێ هەموو چەکەکان لەکۆنترۆڵی حکومەتدابن‌و بۆ ئەم مەبەستەش سوپا هەفتەی داهاتوو پلانی خۆی ئاشکرادەکات".

پێشنیازەکانی حکومەتی لوبنان بۆ چەکداماڵینی هەموو گروپە چەکدارەکان، ناڕەزایەتی‌و دژایەتیی حزبوڵلای بەدواداهاتوەو ڕایگەیاندوە، "بەهیچ شێوەیەک چه‌کدانان قبوڵناکه‌م، لەبەرئەوەی ئەمە تەنها بەسودی ئیسرائیلە".