تیمێكی ئاژانسی وزەی ئەتۆم گەڕانەوە ئێران...زانیاری گرنگ لەسەر وێستگە ئەتۆمیەكان ئاشكرادەكرێت

جیهان

27/08/2025‌ 960 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار تیمێکی پشکنەری دەزگاكه‌ گەڕاونەتەوە ئێران، لەكاتێكدا لەدوای جەنگى 12 ڕۆژیەكەی لەگەڵ ئیسرائیل هاوکاریەکانی لەگەڵ دەزگای نەتەوە یەکگرتوەکان هەڵپەساردو بەسیخوڕیكردن تۆمەتباری كردن.


ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەچاوپێکەوتنێکدا بەکەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند "تیمی یەکەمی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گەڕاونەتەوە ئێران و خەریکە دەستپێدەکەینەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "لەئێران وەک دەزانن چەندین ئیمکانات هەیە کە هەندێکیان هێرشیان کراوەتە سەر بەڵام هەندێکی دیكه‌ نەبون، لەئێستادا خەریکی تاوتوێکردنی ڕێوشوێنی کردەین کە دەتوانرێت بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی بتوانین لەوێ دەست بەکارەکانمان بکەینەوەو ئەو وێستگانەش نوێ بكەینەوە كەبەتەواوی وێران بون و ئەوانەی دیكەی كە زیانیان بەركەوتوەو ئاشكرانەكراون".

لێدوانەکانی گرۆسی دوای ئەوە دێت، کە ئێران و ترۆیکای ئەوروپی (بەریتانیا، فڕەنسا و ئەڵمانیا) لەجنێڤ دانوستانیان ئەنجامدا، بەڵام دوای بەدوای كۆبونەوەكان، ئاژانسی ئەکسیوس بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، گفتوگۆکان کارەساتبار نەبون، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکیش نەهاتە ئاراوە، لەبەرئەوەی شاندی ئێرانیی هیچ پێشنیازێکی کردارییان سەبارەت بەچارەسەرکردنی ناکۆکییەکان نەبوه‌.

ش.ح