بەرپرسێکی باڵای ئێران دادگایی دەکرێت

جیهان

28/08/2025‌ 688 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ٍشارپرێس:

ئاژانسی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران،  دوێنێ چوارشەممە بڵاوی کردەوە کە داواکاری گشتیی تاران دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ محەمەد سەدر، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندی رژێم کردۆتەوە.


لە ڕاگەیەندراوەکەدا ناوی سەدر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەهێنراوە، بەڵکو ئاماژە بە بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ئۆنلاین کراوە کە تێیدا "لێدوانی سەرپێچیکەرانە"ی داوە و دواتر بانگهێشتی داواکاری گشتیی کراوە.

سەدر پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی "سینەرجی" لە 23ی ئاب ڕایگەیاندبوو کە کەوتنی ئەو هێلیکۆپتەرەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشووی هەڵگرتبوو، "پەیامێکی ئیسرائیل" بووە.

هەروەک باسی لەوەکردبوو کە ڕووسیا لەماوەی جەنگی 12 رۆژەدا زانیاریی هەستیاری بەرگریی داوەتە تەلئەبیب، ئەوەش وەهمی هاوپەیمانی ستراتیژیی لەگەڵ ڕووسیای ئاشکرا کردووە. ناوبراو ڕوونیشی کردبووەوە کە قسەکانی تەنها شیکارییەکی کەسی بوون و هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نەبووە.

جێگای ئاماژەیە کە محەمەد سەدر برازای ئیمام مووسا سەدر و خەزووری یاسر خومەینییە، هەروەها لە ساڵی 2017ەوە ئەندامی کۆڕی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێرانە.

 ناوبراو پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقی لە حکومەتی خاتەمیدا وەرگرتووە، پاشان وەک ڕاوێژکار بۆ محەمەد جەواد زەریف لە حکومەتی ڕۆحانیدا کاری کردووە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی