هەڵوێستی نوێی ڕۆژئاوای کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی سوریاوە.. ئایا بەشدار دەبێت؟

جیهان

28/08/2025‌ 471 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حوسێن عوسمان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەر، ڕایگەیاندوە، هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەلی سوریا، کە بڕیارە ڕۆژی 20ی 9ی 2025 بەڕێوەبچێت، "جێگەی نائومێدییە و شەرعییەتی نییە".

 ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای کوردستان ڕونیکردۆتەوە کە خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەستیان کردووە بە تەواوی پشتگوێ خراون لەوەی ڕودەدات.

ناوبراو ڕەخنەی لە بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنەکان لەناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان گرتووە بە بیانووی ئاستەنگە ئەمنییەکان، دووپاتی کردەوە کە بارودۆخی ئەمنیی و ژیان بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جێگیرە، و بانگەشەی نائارامی "زیان بە ناوبانگی ناوچەکە دەگەیەنێت و سیاسەتەکانی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن جێگیر دەکات".

عوسمان ئاماژەی بەوەشدا کە وڵات پێویستی بە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیر هەیە، و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو "دیموکراتی و شەفاف نابن" بە دوورخستنەوەی پارێزگاکانی وەک ڕەققە و حەسەکە و بەشێک لە دێرەزۆر، هەروەک بە "ناشەرعی و نوێنەرایەتیی نەکردنی هەموو سوورییەکان"ی هەژمار کرد.

دووپاتیشی کردۆتەوە کە هەر بڕیارێک لەلایەن پەرلەمانێکەوە دەربچێت کە دانیشتوانی ئەم ناوچانە بەشداریی تێدا نەکەن "پابەندکەر نابێت بۆیان"، ئاماژەی بەوەشدا کە بەردەوامبوونی دوورخستنەوە هەڵەکانی ڕابردوو کە پارتی بەعس ئەنجامیداون، دووبارە دەکاتەوە، ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە پڕۆسەی سیاسیی دەکات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی