شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندوە، دەیەوێت لە واشنتۆنی پایتەختی
ئەمریکا بڕیاری لەسێدارەدانی تاوانباران کارا بکات و هەرکەسێک لەو ویلایەتە تاوانی
کوشتن ئەنجامبدات، ئەو سزایەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
تۆڕی هەواڵی (NBC) ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، لەدوایین
کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەمریکا لەکۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو
وڵاتە باسی لەوەکردوە، دەیانەوێت لە واشنتۆن جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر
کەسانی بکوژ کارا بکرێت .
ئەوەشیخستەڕوو،" ئەو بڕیارە وادەکات خەڵک بوێری
ئەوەیان نەبێ تاوانی کوشتن ئەنجامبدەن، هیچ بژاردەیەکی دیکەشمان نییە جگە لەوە
".
هەر لەو کۆبونەوەیەدا دۆناڵد ترەمپ وتوشیەتی،"
ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا دەتوانن بەشێوەی سەربەخۆ بڕیاری خۆیان لەبارەی ئەو پرسەوە
بدەن ".
ئەم قسانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا
ئیدارەی ترەمپ هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی تاوان لەشاری ویلایەتی واشنتۆن
چڕکردوەتەوە و هێزی زیاتری لەشارەکان بڵاوکردوەتەوە.