ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی لوبنانەوە بڕیاریدا

جیهان

28/08/2025‌ 1204 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاریدا بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکە ‌هێزەکانی "ئاشتی پارێز"ی سەر نەتەوەیەکگرتوەکان لە ناوچەکانی باشوری لوبنان بمێننەوە.


میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، لەسەر داوای فەرەنسا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا مانەوەی ‌هێزەکانی ئاشتی پارێز لە باشوری لوبنان تاکو کۆتایی ساڵی 2026 درێژ بکرێتەوە، کە ژمارەیان 10 هەزار و 800 کەسی سەربازی و مەدەنییە .

ئەوەشخراوەتەڕوو، بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ئەو هێزە نێودەوڵەتییە بەمەبەستی ئامادەیی زیاتری هێزەکانی لوبنانە، بۆ ئەوەی لەکاتی کشانەوەی ئەو هێزانە سوپای لوبنان بتوانێت سنورەکانی بەتەواوەتی لەگەڵ ئیسرائیل بپارێزێ.

هاوکات، نەواف سەلام سەرۆکی حکومەتی لوبنان پێشوازیکرد لەو بڕیارە و داوایکرد هێزەکانی ئیسرائیلیش لەو پێنج خاڵە بکشێنەوە کە لە باشوری لوبنان کۆنتڕۆڵیان کردوە.

هێزی ئاشتی پارێزی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، ‌هێزێکی نێودەوڵەتییە و لە ساڵی 1978 دروستکراوە و لەو ناوچانە جێگر دەکرێن، کە لەنێوان دوو وڵاتدا ئاڵۆزی و ناکۆکییان لەسەرە.