پسوڵەكانیان لەئەستۆدا ماوە.. كاندیدانی هەڵبژاردن هێشتا قەرزی چاپخانەكانیان نەداوە

عیراق

07/07/2018‌ 903 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هەڵبژاردن كۆتایی هات، بەڵام لێكەوتەكانی‌ ماون‌و هێشتا پارەیەكی زۆری چاپخانە‌و چێشتخانە‌و دوكانداران لەئەستۆی سیاسییەكاندا ماوە كە لەبەرامبەر بانگەشەی هەڵبژاردندا كەوتووەتە لایان.

كێشە سەرەكییەكە ئەوەیە خاوەنی ئەو پارانەش ناتوانن پاشماوەی پارەكانیان وەربگرن‌و گرفتی ئەوەیان هەیە كە دەستیان بەو سیاسیانە یاخود ئەو نوێنەرانەیان ناگات كە لەبرییان مامەڵەیان كردووە.

لە هەر وەرزێكی هەڵبژاردندا ناوەندە بازرگانییەكان خۆیان بۆ دەستكەوتنی پارە ئامادە دەكەن لەڕێی ئەو ریكلامانەی هەڵبژاردن كە كاندیدەكان لە بازنەكانی هەڵبژاردندا بانگەشەیان پێ دەكەن، ئەویش لەڕێی ژمارەیەكی زۆر سەودانامە لەگەڵ سیاسییەكان یاخود نوێنەرەكانیان كە ئەركی بەرٍێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هەر یەكێكیان دەگرنە ئەستۆ، بەوەش هەموو جومگەیەكی بازرگانی لە چاپخانە‌و چێشتخانە‌و كاڵا‌و خزمەتگوزاری كایەیەكی بەپیت دەبن بۆ ئەو سەودانامانە.

پەیوەندییەكی هاوبەش دێتە ئاراوە‌و سوودەكەشی بازرگانییە‌و قازانجی بۆ هەردوولایە، لایەنی یەكەم ئەو كاندیدەیە كە جانتایەكی پارەی پێیە‌و دەیەوێت لەڕێی لافیتە‌و دروشمەوە لە فێستڤاڵ‌و كۆنگرەكاندا بانگەشە بۆ خۆی بكات، زۆرجار بەشێكی كەمی شایستە داراییەكانیان پێدەدرێت‌و دەبێت تەواوی پارەكە لە كۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردندا بدرێت بە لایەنی دووەم كە ئەویش دەیەوێت زۆرترین سەودانامە ببەستێت‌و هێشتا پسوڵەی زۆری لاماوە پارەكەی خەرج نەكراوە.

نووسینگەكانی ریكلام‌و ئەو ماركێت‌و چێشتخانانەی مامەڵەیان لەگەڵ كاندیدەكان كردووە دەفتەرەكانیان پڕن لە ژمارە كە هەندێكیان بچووكن‌و هەندێكی دیكەشیان دەگەنە دەیان ملیۆن دینار‌و خاوەنەكانیان نەیانتوانیوە وەریانبگرن، هەرچەندە چەندین جار داوایان لەو كەسانە كردووە رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن ئەویش دوای پچڕانی پەیوەندییان بە كاندیدەكانەوە، كە لەدوای رۆژی دەنگدانەوە تەلەفۆنەكانیان داخستووە.

حامد فەهداوی (48 ساڵ) خاوەنی كۆمپانیایەكی بچووكی ریكلامە لە ناوەڕاستی شاری رومادی‌و درێغی نەكردووە لە هەوڵەكانی بۆ وەرگرتنی قەرزەكانی كە گەیشتوونەتە زیاتر لە پێنج ملیۆن دینار، ئەو پێی وایە بەشێكی زۆری ئەو زیانەی دەكەوێتە ئەستۆ، چونكە متمانەی بەكەسانێك كردووە ناكرێت متمانەیان پێ بكرێت.

فەهداوی قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "لەخەمی ئەوەدا بووم نەكەومە داوی ئەم كاندیدانەوە، بەتایبەتی كە ئەزموونی رابردوومان لەگەڵ هەندێك لەو سیاسیانە هەیە كە دیارنەمان‌و لە دەفتەرەكانماندا بوونیان نەماوە، سەڕای هەموو ئەوانەش هەوڵ دەدەم پەیوەندی بە هەندێك كاندیدەوە بكەم بۆ ئەوەی ئەو پارەیەم پێبدەن كە لە ئەستۆیاندایە تا ئەوڕادەیەی رقم لە دەستەواژەی وەڵامدەرەوەی ئۆتۆماتیكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیش دەبێتەوە كە دەڵێت (ئەو ژمارەیەی داوات كردووە لەدەرەوەی بازنەدایە)".

هەندێك لە خاوەن نووسینگەكان چ ئەوانەی ریكلام دەكەن یاخود ئەوانەی خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن، پێشوەخت زانیویانە بۆ وەرگرتنی پارەكەیان رووبەڕووی سەختی دەبنەوە، ئەویش بە پشتبەستن بە ئەزموونێكی زۆر لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا كە پارەیەكی زۆریان تێدا لەدەست داوە، بەڵام ناچاربوون سەركێشی بكەن‌و بەكەمترین زیان لێی بێنە دەرەوە.

خەلیل محەمەدی (55 ساڵ) كاری خۆشنووسی دەكات‌و نووسینگەیەكی بچووكی چاپكردن‌و ریكلامی لە ناوەڕاستی شاری فەلوجە هەیە، ئەو پێی وایە ئەو زیانەی لە دوكانداران‌و كۆمپانیاكانی دیكە كەوتووە چ كۆمپانیای ریكلام بن یان خزمەتگوزاری، بەراورد ناكرێت بە قەبارەی ئەو قازانجەی ئەو كەسانە دەستیان دەكەوێت‌و زیانەكە لە بەشێكی زۆر كەمی قازانجەكەدایە.

محەمەدی قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "ئێمە دەزانین كە كەسانێك هەن سوودمەند دەبن لە پرۆسەی هەڵبژاردن‌و بانگەشەكەی، بەتایبەتی ئەو نێوەندگیرانەی ئەڵقەی پەیوەندین لەگەڵ خاوەنكار‌و سیاسییەكاندا، بەپێی شارەزایی‌و مامەڵەی بەردەوامیش لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەزانین كە هەندێكیان پاشماوەی پارەكەمان پێ نادەن، لەبەرئەوە چەندین رێگا بەكاردەهێنین لەپێناو وەرگرتنی زۆرترین بڕی شایستە داراییەكانمان، زۆرجاریش ئەو بڕە پارەیەی دەمێنێتەوە دەكەوێتە دەم با".

تەنیا نووسینگەكانی ریكلام بەدەست وەرگرتنی پارەكانیانەوە ناناڵێنن، بەڵكو هەندێك لە خاوەنی ئەو چێشتخانانەش بەشدارن لەو نەهامەتییەدا كە میوانداری كۆنگرەكانیان دەكردن‌و خوانیان پێشكەش دەكردن، زۆربەی ئەو خوانانەش بریتین لە ژەمێك نانخواردنی نیوەڕۆ یان شێوی سەدان كەس لەسەر ئەو شێوەیەی پارێزگای ئەنبار پێی بەناوبانگە‌و پێی دەوترێت (مەنسەف یان دلێمی) كە مامناوەندی نرخی یەك نەفری دەگاتە 75 هەزار دینار.

حیكمەت هەزیماوی خاوەنی چێشتخانەی مەدینە لە شاری رومادی نموونەی ژمارەیەكی زۆر لەو خاوەن چێشتخانانەیە كە نەیانتوانیوە پارەكانیان وەربگرن، هەربۆیە نەشیانتوانیوە پارەی بازرگانانی وشكە یاخود مەڕفرۆشەكان بدەن كە لەئەستۆیاندایە.

هەزیماوی بە "نیقاش"ی وت: "ئەوەی بەسەر زۆربەماندا هاتووە لە ئەنجامی پەلەكردن‌و متمانەكردنی رەهایە بەو كاندیدانەی مامەڵەمان لەگەڵ كردوون، ئەمە جگە لەوەی بواریشمان داوە پسوڵەكانیان كەڵەكە ببێت بەبێ ئەوەی ناچاریان بكەین لەكاتی خۆیدا بەر لە كۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن پارەكە بدەن، ئەویش لەبەرئەوەی باوەڕمان بە بەڵێنەكانیان دەكرد، بەتایبەتی كە مامەڵەی زۆرمان لەگەڵ زۆرینەیاندا هەبووە، هەروەك نەشماندەزانی بارەكە پێچەوانە دەبێتەوە‌و نكوڵی لە شایستە داراییەكانمان دەكەن یان خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەمان دەدزنەوە".

ئێستا بازنەكە بە كراوەیی ماوەتەوە ئەویش دوای ئەوەی یەكێك لە ئەڵقە گرنگەكانی لەدەستدا كە ئەویش كاندیدی خاوەن پارە‌و بەرژەوەندییە، ژمارەیەك لە زەرەرمەندانیش لە گێژاوەكەیدا دەخولێنەوە‌و بەدوای رێگەچارەیەكدا دەگڕێن بتوانن لەڕێیەوە شایستە داراییەكانیان وەربگرن، تا ئەوانیش پارەی بازرگانانی دیكە بدەن كە بەوشێوە مامەڵەیان لەگەڵ كردوون دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەكە پارەكەیان بدەنێ.

حازم محەمەدی (57 ساڵ) خاوەنی یەكێك لە كۆمپانیاكانی ریكلام لە ناوەڕاستی شاری فەلوجە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ئەو كەسانەی لە ریكلام‌و لێكەوتەكانیدا لەگەڵ سیاسی‌و كاندیدەكان تێوەگلاون، ئەو پیشەكارە نوێیانەن كە هێشتا لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو توێژەدا قاڵ نەبوون‌و ئەزموونی پێشتریان نییە لە كایەی بانگەشەی هەڵبژاردندا.

محەمەدی بۆ "نیقاش"ی دووپات كردەوە‌و وتی: "زۆرینەی سیاسییەكان یان كاندیدەكان یاخود نوێنەرەكانیان كەسانێكی بەڕێزن‌و مامەڵە لەگەڵ كردنیان بەشێوەیەكی راستەوخۆ مافەكان مسۆگەر دەكات، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی پارەكانیان لەدەستداوە‌و نەیانتوانیوە وەریبگرن لەگەڵ نێوەندگیردا مامەڵەیان كردووە، ئەمەش لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردندا كارێكی هەڵەیە، چونكە لەو حاڵەتەدا لەبەردەم زۆر بواری پارە خەرجكردنداین كە زۆربەیان بەبێ پسوڵە یان لیستی كڕین ئەنجام دەدرێت.

كەناڵەكانی راگەیاندنی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی لە زاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە ئاماژە بۆ ژمارەی زۆر گەورە دەكەن لە بانگەشەی هەڵبژاردن‌و زۆرترین بڕی پارە خەرجكردنیان لە بانگەشەی یەك كاندید لە هەندێك پارێزگادا بە یەك ملیۆن دۆلار دیاری كردووە‌و لە هەندێك پارێزگای دیكەشدا ئەو بڕە دەگاتە 350 هەزار دۆلار، ئەم پارە زۆرەش بووەتە ئامانجی كەسانی سوودمەند لە خاوەن كار‌و بەرژەوەندییەكان