شارپرێس:
ئەمڕۆ پێنجشەممە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییەكان كردەوە لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك لەبەرپرسانی حەشدی شەعبی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی زەیدی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە كە "سەرۆك وەزیران پێشوازی لە سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر هادی عامری و بەرپرسی هێزەكانی حەشدی شەعبی فالح فەیاز كرد، هەروەها عەبدولعەزیز محەمەداوی سەرۆك ئەركانی حەشدی شەعبیش بەشداربووە".
ئاماژە بەوەشكراوە، "لە كۆبوونەوەكەدا باس لە چەندین بابەت و فایلی پەیوەندیدار بە دیمەنی ئەمنی و سیاسی و هەروەها پێشهاتەكانی وڵات و ناوچەكە كرا، جەخت لەسەر گرنگی پتەوكردنی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان دامەزراوەكان و دەزگا ئەمنییەكان كرایەوە، هاوتەریب لەگەڵ ڕێنماییەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، بەمەبەستی چەسپاندنی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی وڵات و سەروەری."
لە درێژەی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە "سەرۆكی حكومەت دووپاتی كردەوە كە حكومەت پابەندە بە جێبەجێكردنی بەرنامەكەی، بە شێوەیەك كە سەروەری وڵات و یاسا بەهێز بكات، هەروەها پشتگیری لە پرۆسەی پەرەپێدانی هەمەلایەنە بكات".
هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا باس لە گرنگی هەوڵە نیشتمانییەكان و بەرزكردنەوەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن لە نێوان هەموو هێزە سیاسییەكان بۆ پشتیوانی لە كارنامەی نیشتمانی و بەهێزكردنی توانای دەوڵەت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەكان و پێشخستنی خواستەكانی هاووڵاتیان كرا.
هاوكات سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد كە كۆبوونەوەکە زیاتر لە سێ كاتژمێری خایاند لە كۆشكی حكومەت لە بەغدا بەڕێوەچوو، میكانیزمەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ حزبوڵڵایان تاوتوێكردووە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، زەیدی لەمیانی كۆبوونەوەكەدا جەختی لە "پێویستی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەسانە كردووەتەوە كە یاسا پێشێل دەكەن بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی عێراق". بەڵام عامری و فەیاز پێشنیاریان كرد كە دەرفەتێك بدرێت بە لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی خۆیان ڕێكبخەنەوە و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێك بۆ یەكلاییكردنەوە پرسی كۆنترۆڵكردنی چەك.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێشنیارەكە بریتی بوو لە بەردەوامبوونی كارەكانی ئەو لیژنە چوار كەسییەی كە ئەركی دانوستان لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی پێسپێردراوە، ئامانج لێی گەیشتن بە ڕێككەوتنێكە بۆ كۆتایی بەو ناكۆكیانەی كە هەن و چارەسەری پرسی چەك بە شێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بكات و سەقامگیری ناوخۆیی بپارێزێت.
