شارپرێس:
دۆسیەی کوژرانی ئەحمەد عەلوانی پەرلەمانتاری پێشوی عێراق لەبەیروت
هێشتا بەناڕونی ماوەتەوەو شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە
چونەتە لوبنان، سەرچاوەیەکیش زانیاری نوێ ئاشکرادەکات و دەڵێت، عەلوانی پێش
کوژرانی لەهەولێرەوە چوەتە بەیروت و دوای ماوەیەکی کەم لە گەیشتنی بە لوبنان،
لەشوقەیەکدا کوژراوە.
ماڵپەڕی "سکای نیوز" لەزاری سەرچاوەیەکییەوە بڵاویکردەوە،
هێزە ئەمنییەکانی لوبنان بەدوای دوو گومانلێکراودا دەگەڕێن، کە کۆتا نیشانەی
پەیوەندی تەلەفۆنییان لە نزیک کارگەیەکی سەر سنوری نێوان لوبنان و سوریا بوە.
لەهەولێرەوە بۆ بەیروت
سەرچاوەکان ئاشکرایدەکەن، رۆژی 5ی 11ى 2026 ئەحمەد عەلوانی بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی " الشرق
الأوسط" دەچێتە بەیروت و کاتژمێر شەشی ئێوارە دەچێتە هوتێلێکی شارەکە، لەوێش
لەلایەن پێنج کەسەوە پێشوازی لێدەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت ئەو پێنج کەس
جۆری پەیوەندییەکەیان لەگەڵ کوژراوەکە چۆنە
پەیوەندیی بە خێزانەکەیەوە دەپچڕێت
دوای گەیشتنی بە بەیروت، ئەحمەد عەلوانی پەیوەندی بە خێزانەکەی دەکات
و ئاگاداریان دەکاتەوە کە گەیشتوەتە شارەکە، بەڵام دوای ئەوە پەیوەندی لەگەڵ
خێزانەکەی دەپچڕێت.
عەلوانی سێ مۆبایلی پێبوە کە دوای کوژرانی سەرجەم مۆبایلەکانی
کوژێنراونەتەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش دوای تاوانەکە مۆبایلێک و
پاسپۆرتەکەی دەبردرێت.
ساتی کوشتنەکەی
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەحمەد عەلوانی پێش کوژرانی لەشوقەیەکی شارەکە
ئەشکەنجەدراوەو دواتر خنکێنراوە.
دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان و سوریاش لەسەر هێڵن
دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان و سوریا بەهاوبەشی لێکۆڵینەوە دەکەن کە ئایا
ئەو دوو گومانلێکراوە پەڕیونەتەوە ناو خاکی سوریا یاخود هێشتا لە لوبنانن، هێشتاش
بە دیاریکراوی نازانرێت ئەو دوو گومانلێکراوە بەرەگەز خەڵکی کام وڵاتن، بەڵام دەوترێت
بەزاراوەی سوری قسەیان کردوە، هەندێک زانیاریش دەڵێن ئەو دوو کەسە بەڕەگەز عێراقین.
هۆکاری کوشتنەکەی
هەندێک لەسەرچاوە ئەمنی و دادوەرییەکان باس لەوەدەکەن کە رەنگە هۆکاری
پەلکێشکردنی ئەحمەد عەلوانی بۆ لوبنان و کوشتنی سیاسی بێت، بەڵام مەڕوان شەربل،
وەزیری پێشوی ناوخۆی لوبنان بە سکای نیوزی وتوە،" رەنگە هۆکاری تاوانە
دوژمنداری و ناکۆکی کەسی بێت، یاخود دەکرێت بەهۆی پارەوە بێت، چونکە ڕوداوەکە
لەکاتێکدا بوە کە حاڵەتەکانی دزیکردن لە بەیروت بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە
