لە سنووری مەریوان شەڕ و بۆردومان دەستیپێكردەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1800 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 لە سنووری ناوچەی مەریوان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەبەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەوە بۆردومان و شەڕ و پێكدادان دەستیپێكردووەتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكان لە سنوورەكە، لەبەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە كاتژمێر حەوتی بەیانییەوە سوپای پاسداران بەچڕی سنووری گوندەكانی قامیشەڵە، گاگلی و هەنارەشێخانی بۆردومان كردووە.

 بەوتەی سەرچاوەكان ئەم هێرشانە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك درێژەی هەبووە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تۆپ، زیانی زۆری لە ژینگەی ناوچەكە و ڕەز و باخی خەڵكی سنورەكە داوە، بەڵام لەبارەی زیانی گیانی هیچ زانیاری بڵاونەكراوەتەوە.

 هەندێك سەرچاوەی دیكەی نزیك لە یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان یەرەكە، باس لەڕوودانی پێكدادانی چەكداری لەنێوان یەرەكە و سوپای پاسداران لەناوچەكەدا دەكەن.

لە ماوەكانی ڕابردووشدا چەند جارێك سوپای پاسداران ئەم ناوچەیەی بۆردومان كردووە و شەڕ و پێكدادانیش لەنێوان یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان یەرەكە و سوپای پاسداراندا ڕوویداوە.