شەپۆلی سەرماو بەفر شارێكى كوردستان دەتەزێنێت‌و خوێندكاران له‌مه‌ترسیى گه‌وره‌دان

کوردستان

15 خولەک پێش ئێستا‌ 2429 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ ڕوبەڕوبونەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ شەپۆلێکی پێشوەختەو توندی بەفربارین‌و سەرما، دۆخی نالەباری ناوەندەکانی خوێندن لەشاری شنۆ ناڕەزایەتی‌و توڕەیی توندی هاوڵاتیانی لێکەوتوەتەوە، کەمکاریی ئیدارەی پەروەردەی شارەکە لەدابیننەکردنی سوتەمەنی‌و دانەگیرساندنی سیستەمی گەرمکەرەوە، تەندروستیی هەزاران قوتابی خستوەتە مەترسییەوە.


به‌گوێره‌ى زانیارییە ناوخۆییەکان، لەزۆربەی قوتابخانەکانی دیكه‌ى شنۆ-دا سیستەمی ناوەندیی گەرمکردنەوە کارناکات‌و منداڵان ناچارکراون بۆ ماوەی چەندین کاتژمێری درێژخایەن، لەناو پۆلە ساردو سەهۆڵبەندانەکاندا دانیشن.

خێزانى خوێندكاران، ئیدارەی پەروەردە بەکەمتەرخەمیی ڕاستەوخۆو بێباکی بەرامبەر پاراستنی ژیانی ڕۆڵەکانیان تۆمەتباردەکەن‌و هۆشداریدەدەن، ئەم دۆخە خەریکە دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی خێرای نەخۆشییە وەرزییەکان لەنێو منداڵاندا.

خێزانە ناڕازییەکان بەئاماژەدان بەبارودۆخی سەختی ئابوریی‌و گرانیی بێوێنەی دەرمان‌و نەخۆشخانەکان ڕایدەگەیەنن، کەمکاریی ئیدارەی پەروەردە بارگرانیی دارایی زیاتر دەخاتەسەر شانیان.

ئەوان جەختدەکەنەوە، نەبونی سوتەمەنی لەقوتابخانەکاندا بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییەو داوادەکەن، پێش سەرهەڵدانی کارەساتێکی گەورەتری تەندروستی، بەپەلە کێشەی سیستەمی گەرمکەرەوەی پۆلەکان چارەسەربکرێت.