هەڵوێستی ترەمپ لەبارەی دەستپێکردنەوەی جەنگ لەدژی ئێران ئاشكرادەكرێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 749 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، دانوستانەکان لەبارەی دۆسیەی ئێران بەئاراستەیەکی باشدا هەنگاو دەنێن و وتی،  دۆناڵد ترەمپ پێی وایە ئێستا هیچ پێویستییەک بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان دژ بەتاران لەئارادا نییە.


مارکۆ، روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەبارەی ئێران بەشێوازێکی باش بەڕێوەدەچن، بەڵام لەهەمان کاتدا هیچ چارەیەکی خێراو دەستبەجێ لەئارادا نییە.

جەختیشی لەوە کردەوە، گوشارە ئابورییەکان دژ بەتاران هێندە سەرکەوتوو بون، کە ترەمپ پێیوایە هیچ پێویستییەک بەئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان ناکات، بەتایبەت کە کاریگەریی سزاکان لەسەر ئێران ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر و قوڵتر دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی، ئێمە زیانێکی گەورەمان بەئێران گەیاندوە، لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک رێکارمان لەگەروی هورمز گرتوەتەبەرو دەرگاشمان بۆ کاری دیپلۆماسی بەکراوەیی هێشتوەتەوە؛ ئێمە پێویستمان بەئۆپەراسیۆنی سەربازی نییە دژی ئێران، چونکە دەتوانین بەگوشاری ئابوری تەواوی ئامانجەکانمان بەدەستبهێنین.

سەبارەت بەهەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە، رۆبیۆ ڕونی کردەوە، ترەمپ زانیاری و پەیامی ڕونی لەلایەن هاوبەشەکانمانەوە لەناوچەکە پێدەگات، کە بەڕونی ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ پێویستییەک بەکردەی سەربازی دژی ئێران ناکات.

باسی لەوەشكرد،  ئێران داوای قەرەبوو دەکات، بەڵام ئەمە هەرگیز ڕونادات، بەڵکو دەبێت خودی ئێران قەرەبووی ناوچەکە بکاتەوە لەبەرامبەر ئەو وێرانکارییەی کە دروستی کردوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوپاتی کردەوە، لەسایەی بەردەوامی و سەرکەوتنی هەڵمەتە ئابورییەکەی واشنتۆندا، هیچ پێویستییەک بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و جەنگی ڕاستەوخۆ دژ بە ئێران ناکات.