شارپرێس:
عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەستی بەجێبەجێکردنی
ڕێکارێکی نوێ کردوە بۆ سنوردارکردنی هەژمونی ئابوریی گروپە چەکدارەکان، لەڕێگەی پێداچونەوە
بەگرێبەستەکانی کۆمپانیاکانو هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانەی کە پێشێلکارییان تێدا
دەرکەوێت.
بهگوێرهى زانیارییەکانی "ئیرەم نیوز"،
حکومەتی عێراق پلانێکی لەبەرچاوگرتوە بۆ پێداچونەوە بەگرێبەستی زیاتر لە80 کۆمپانیاو
نوسینگەی وەبەرهێنان کە گومان لەپەیوەندیی دارایییان بەحهوت گروپو لایەنی چەکدار
هەیە.
ئەم ڕێکارانە بەتایبەتی کۆمپانیاکانی بواری
(فڕۆکەخانەکان، گومرگ، دەروازە سنورییەکان، خزمەتگوزاریی لۆجستی، پیشەسازیی سەربازیی،
گرێبەستەکانی حکومەتو وەبەرهێنانی خانوبەرە) لەبەغدا دەگرێتەوە.
سەرچاوەکان باسیان لهوهكردوه، حکومەت لەپێداچونەوەکاندا،
خاوەنی ڕاستەقینەی کۆمپانیاکانو ئەوکەسانە دیاریدەکات کە سودمەندیی کۆتایی گرێبەستەکانن،
هەروەک سەرچاوەی پارەو جوڵەی هەژمارە داراییەکانیانیش دەخاتە ژێر چاودێرییەوە.
یەکەم هەنگاوی ئاشکرای ئەم سیاسەتە، هەڵوەشاندنەوەی
گرێبەستی سێ کۆمپانیا لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ بوو؛ ئەوانیش (سکای پڵەس، سەما
ئەلمەتارو فەیسەڵ ئەلشامخ) بون، ئەم گرێبەستانە کرێدانی حهوت کۆنتێنەری خزمەتگوزاریی
گەشتیاران، بەڕێوەبردنی گەراجێکی ناوخۆیی بەڕوبەری زیاتر لەچوار هەزار مەتر چوارگۆشەو
ئۆفیسی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی گەشتیارانیان دەگرتەوە.
زەیدیی هەروەک ئاراستەی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی
سەربازیی کردوە بۆ ئەوەی مامەڵەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بکرێنو
ڕۆڵی نێوەندگیرە بازرگانییەکان کەمبکرێتەوە.
لەبواری دەروازە سنورییەکانو گومرگیشدا،
حکومەت چاودێریی جوڵەی بازرگانییو گواستنەوەی پارە توندتر دەکات، بەتایبەتیی لەپەیوەندییە
بازرگانییەکانی نێوان عێراقو ئێراندا.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردوە، تۆڕێکی ئابوریی
پەیوەست بەگروپە چەکدارەکان لەنێوان ساڵانی 2020 تا 2022، لەڕێگەی گرێبەستو پڕۆژە
حکومییەکانەوە، زیاتر لە150 ملیۆن دۆلاری قازانج بەدەستهێناوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەت هێشتا ناوی ئەو
گروپانەی ئاشکرانەکردوە کە گومان لەپەیوەندییان بەکۆمپانیا هەڵوەشێنراوەکان هەیە،
بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەکهتائیبی حزبوڵڵای عێراق دەکەن.
