شارپرێس:
سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕۆژی دووشەممە ئاشكرای كرد كە عەبدولڕەزا مسگەریان فەرماندە لە سوپای پاسدارانی ئێران پۆستی باڵیۆزی وڵاتەكەی لە عێراق وەردەگرێت لەدوای باڵیۆزی ئێستای ئێران لە عێراق محەمەد كازم سادق كە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ لە بەغدا دەستبەكاربووەو پێش ئەویش ئیرەج مەسجدی بووە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، "مسگەریان لە سەرەتای ساڵی نوێوە وەك باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق دەست بەكار دەبێت".
مسگەریان فەرماندەیەكی سەر بە هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە و پێشتر فەرماندەی بارەگای ڕەمەزان بووە، كە پێكهاتەیەكی سەربازییە و لە كاتی شەڕی ئێران و عێراقدا لە ساڵی ١٩٨٤ دامەزرا، ئەم بارەگایە بەرپرسیار بووە لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئێران لە ناوخۆی عێراق و لە هەماهەنگی بووە لەگەڵ هێزە عێراقی و كوردییەكانی دژبەری ڕژێمی سەدام حوسێن لەو كاتەدا.
هەروەها یەكێك بووە لەبەرپرسانی دۆسێی ئەمنی تایبەت بە عێراق بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دۆسێی پرسی هێزە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە لە چوارچێوەی عێراقدا چالاكی دەكەن.
هەروەها سەرۆكایەتی شاندەكانی ئێرانی كرد لەبەشداریان لە دانوستانەكان لەگەڵ بەغدا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنیی هاوبەش. ئەم ڕێككەوتنە بریتییە لە كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان، ڕێگریكردن لە بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر ئێران و چارەسەركردنی بوونی هێزە كوردییەكان.
