شارپرێس:
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئامادەن
بۆ گفتوگۆ و کۆبونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەمەبەستی چارەسەری
کێشەکان و کۆتایی ھێنان بەقەیرانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان.
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا
ئاماژەی بەوەکرد،" ئاماژە بە پەیامە دەست پێشخەریەکەی ئەمڕۆی جەنابی سەرۆک مەسعود
بارزانی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و بە ئامانجی تێپەڕاندنی بنبەستە سیاسییەکان، پێشوازی
لەم پەیامە دەست پێشخەرییە گرنگەی جەنابیان دەکەین ".
ئەوەشیخستەڕوو،" ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان،
لە ڕۆشنایی دەست پێشخەریەکەی جەنابی سەرۆک ئامادەین بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ برایانی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەمەبەستی چارەسەری کێشەکان و کۆتایی ھێنان بەقەیرانی سیاسیی
ھەرێمی کوردستان ".
وتەبێژی پارتی دەشڵێت،" ئامادەین سازدانی گفتوگۆ و کۆبونەوە
لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پێکەوە وەڵامدەرەوەی ویست
و ئیڕادەی ھاونیشتمانیانمان بین و ئەم قۆناغە بە سودی گەل و نیشتمانەکەمان تێپەڕێنین
".