شارپرێس:
ئەمڕۆ زۆرینەی گەڕەکانی شاری سلێمانی بێ کارەبا بون و
تاکو ئێستاش مۆلیدە ئەهلییەکان دەستیان بە کارکردن نەکردوەتەوە، بەگوێرەی
زانیارییەکانی شارپرێس، بڕیارە ئەمشەو لە قائیمقامیەتی سلێمانی کۆبونەوەیەک لەگەڵ
کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان ساز بکرێت و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
ئەنوەر حەمەسەعید،
بەڕێوبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لەلێدوانێکدا بۆ شارپرێس ئاماژەی
بەوەکرد،" تاکو ئێستا دیار نییە کەی دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە،
هەرکات بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە، دۆخی کارەباش ئاسایی
دەبێتەوە ".
ئەوەشیخستەڕوو،" کەی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان لەگەڵ قائیمقامیەت لەسەر
کارپێکردنی مۆلیدەکان رێککەوتن، ئێمە تەنها بەرنامەی کارکردنیان دیاری دەکەین
".
وتیشی،" لەئێستادا لەهەوڵداین بۆ ئەوەی لەهەموو
فیدەرەکان چوار کاتژمێر کار بکەن و چوار کاتژمێری دوای ئەوە بکوژێنرێنەوە ".
هاوکات، فازڵ سەعید، سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە
شارپرێسی وت،" تا ئێستا هیچ قسەیەکمان لەگەڵ نەکراوە و
بەڕێوەبەرایەتی کارەبا هیچ پلان و بەرنامەیەکیان نییە بۆ ئەم دۆخە و کاتەکانی
کارپێکردنی مۆلیدەیان بۆ دیاری نەکردوین ".
باسی لەوەشکرد،" بەراورد بە پێشتر، ئەگەر ئێستا کار
بە مۆلیدەکان بکەینەوە تێچوەکەی زیاتر دەبێت لەسەر هاوڵاتییان، چونکە لەڕابردودا نرخی
گاز بە هەزار دینار بوو، بەڵام نرخەکەی بۆ هەزار و 400 دینار بەرزبوەتەوە و هیچ پاڵپشتییەک نییە لەلایەن حکومەتەوە ".
سەرپەرشتیاری
کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان رونیکردەوە، لەئێستادا یەک
لیتر گاز لە بازاڕی رەش بە هەزار و 400 دینارە، ئەگەر مۆلیدەکان 100 کاتژمێر کاربکەن نزیکەی 14 هەزار لیتر گازی دەوێت، نرخەکەشی نزیکەی 20 ملیۆن دینارە.
