دوای ڕاگەیاندنی قازانجە زه‌به‌لاحه‌كه‌ى دانه‌غاز؛ کۆرمۆر بۆ جاری 13مین ڕوبەڕوی هێرشی درۆنی بوەوەو زەیدیی لیژنە پێکدەهێنێت

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2191 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەلی زەیدیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی بەپەلەی کرد بەپێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەنێوان بەغداو لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش دوای ئەوەی لەکاتژمێر 11:10 خوله‌كى شەوی ڕابردوو کێڵگەی غازی کۆرمۆر لەقەزای چەمچەماڵی سەر بەپارێزگای سلێمانی، بۆ جاری 13مین لەمێژوی خۆیدا ڕوبەڕوی هێرشێکی کتوپڕی تێکدەرانە بوەوە.


وردەکاریی هێرشەکەو پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە
به‌گوێره‌ى زانیارییە ئەمنییە سەرەتاییەکان، هه‌ردوو هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراونۆ شوێنێکی گرنگی ناو کێڵگەکەی پێکاوە، هەرچەندە هێرشەکە بوەتە هۆی تێکچونی کاتیی پرۆسەی دابەشکردنی غاز، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتوەتەوە.

سەرۆک وەزیران‌و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق، لایەنە ئەمنییەکانی ڕاسپاردوە کە بەهه‌ماهه‌نگى لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێم، بەخێرایی هۆکارو وردەکارییەکانی ڕوداوەکە ئاشكرابکەن‌و لایەنی بکەر دەستنیشان بکەن.

ڕاپۆرتی دارایی داناغاز پێش بۆردومانەکە
ئەم پێشهاتە ئەمنییە مەترسیدارە تەنها چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتی دارایی کۆمپانیای دانه‌غاز دێت؛ کە تێیدا کۆمپانیاکە ڕێژەیەکی پێوانەیی لەبەرزبونەوەی داهاتەکانی لەهەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو.

به‌گوێره‌ى ئامارە فەرمییەکان، قازانجی کۆمپانیاکە لەماوەی نۆ مانگی ڕابردودا بەڕێژەی 48٪ زیادیکردوەو گەیشتوەتە 152 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش گرنگیی ستراتیژیی‌و ئابوریی ئەم کێڵگەیە بۆ دابینکردنی وزەو سوتەمەنیی وێستگەکانی کارەبا دوپاتدەکاتەوە.

ئاماری هێرشەکان؛ کۆرمۆر 13جار کراوەتە ئامانج
کێڵگەی غازی کۆرمۆر یەکێکە لەگەورەترین‌و گرنگترین کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لەسەر ئاستی عێراق‌و هەرێم، لەکاتێکدا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 ئەم کێڵگەیە بەفەرمی 11جار لەلایەن گروپە چەکدارەکان‌و درۆنە نەناسراوەکانەوە بۆردومانکرابوو، هێرشەکانى شەوی ڕابردوش دەبێتە 13مین هێرشی تۆمارکراو لەمێژوی کێڵگەکەدا.

مێژوی هێرشەکان نیشانیدەدات کە مەترسیدارترینیان لە 7ی نیسانی 2024دا بوو کە تێیدا چوار کرێکاری بیانیی یەمەنی گیانیان لەدەستداو پرۆسەی کارەبای هەرێمی كوردستانیشى ڕوبەڕوی پەککەوتنی گەورە کردەوە.

كێ هێرشه‌كه‌ى ئه‌نجامداوه‌؟
بەرپرسان‌و دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەڕابردودا چەندینجار ئاماژەیان بەوەکردوە، گروپە چەکدارەکانی عێراق (میلیشیاکانی نزیک لەئێران) لەپشت ئەمجۆرە بۆردومانانەوەن، بەتایبەت کە هێرشەکان لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە لەناوچەکانی دەوروبەری موسڵ‌و کەرکوکه‌وه‌ ئاڕاستەدەکرێن، سه‌رچاوه‌ عێراقیه‌كانیش جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، هەر لەبەر ئەم ناڕونییە، سەرۆک وەزیران فەرمانیکردوە لیژنەیەکی هاوبەشی ئەمنی پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بەوردی شوێنی هەڵدانی درۆنەکەو ناسنامەی ئەو لایەنە تێکدەرە دەستنیشان بکرێت کە ئاسایشی وزەی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.

بەپەلە