شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوە ئاگادارەکان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی پێنجشەممەی رابردووی نێوان عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، واشنتۆن هۆشداریی لەبەئەمانجگرتنی گرووپە چەکدارییە شیعییەکان و سەرکردەکانیانداوە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردووە کە ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەدا بەزەیدی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا گرووپە چەکدارییەکان و سەرکردەکانیان دەکاتە ئامانج، ئەگەر بڕیار بدەن لە هەر شەڕێکی گریمانکراوی داهاتوودا پشتگیریی ئێران بکەن.
بەپێی سەرچاوەکان، ترەمپ ئامادەیی واشنتۆنی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرەکانی پشتگیریی بە بەغدا دەربڕیوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت بەردەوام بێت. هەروەک جەختی لەوە کردۆتەوە کە نابێت ئەم بەرنامەیە پاشەکشەی پێ بکرێت یان جێبەجێکردنی دوا بخرێت.
ئەوەش هاتووە: ترەمپ هۆشیاریی داوە کە هەر پاشەکشە یان دواخستنێکی نوێ لەم دۆسیەیەدا، واشنتۆن ناچار دەکات ئاستی پشتگیریی خۆی بۆ زەیدی و حکومەتەکەی پێداچوونەوەی بۆ بکات.
ئەم هەڵوێستانە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن پەیامەکانی بۆ حکومەت و هێزە سیاسییەکانی عێراق چڕتر کردۆتەوە، بەشێوەیەک هەفتەی ڕابردوو، سەرچاوە سیاسییەکان ئاشکرایان کرد کە ستێڤن فاگن، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، پەیامی ڕاستەوخۆی گەیاندۆتە کەسایەتییە حکومی و سیاسییەکان و جەختی کردۆتەوە کە واشنتۆن لەنزیکەوە چاودێریی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەم دۆسیەیە دەکات.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
