سەردار عەزیز
نە یەکێتی، نە پارتی ناتوانن ببن بە ئۆپۆزسیون. سەیرم لێدێت هەندێک ئەم پێشنیارە دەکەن. گریمان یەکێتی بوو بە ئۆپۆزسیون، کە بە ڕای من هەنگاوێکی زۆر سودمەند دەبێت، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوەی لە هەموو حکومەت و پۆست و پلەکان بکشێتەوە. گریمان ئەمە دەبێت؛ کە نابێت. بەڵام کە دەبێت بە ئۆپۆزسیون، ئایا بۆ ئەوە دەبێت بە ئۆپۆزسیون کە جارێکی تر لە گەڵ پارتیدا حوکم بکات یان وەک سیستەمی جوت حیزبی لە هەڵبژاردنی داهاتودا بیباتەوە و پارتی ببێتە ئۆپۆزسیون. پارتی ناتوانێت ببێت بە ئۆپۆزسیون، چونکە دەبێت پارە و چەک تەسلیم بکات. کەواتە یەکێتی یان دەبێت هەمیشە ئۆپۆزسیون بێت یان پارتی لابەرێت یان لە گەڵ پارتیدا بێت. هیچ کام لە بژاردانە بۆ یەکێتی و پارتی کە سەرتاپا ئەندامەکانی وەک سەرچاوەی داهات لە گەڵ حیزبدان بژاردەیەکی گونجاو نیە.
پەرتکردنی کوردستان: دیارە پەرتکردن ئاستی هەیە، بۆ نمونە کوردستان دەتوانرێت بوترێت هەمیشە پەرتبوە. بە تایبەتی کاتێک لە بڕی پرۆسەی بونیادنانی نیشتمان و نەتەوە، شەڕی ناوخۆ لە ئارادایە. ئەگەر پەرتبونی قوڵ ڕووبدات، ئەوا دەبێت پرۆسەیەکی ئیداری لە گەڵ بەغدادا بکرێت کە خۆی لە ڕاپرسی ئەو هەنگاوانەدا دەبینێت کە وەها دەبینم بەغدا لە گەڵیدا نەبێت، زۆر بە تایبەتی لە بەر دژایەتی شیعە بۆ بیرۆکەی ئیقلیمی نوێ، چونکە نایانەوێت ئەنبار و بەسرە ببن بە هەرێم.
دیارە ئێرانیش لە گەڵ ئەوەدا نیە. ئەوەی ڕونە کە یەکێتی وەک خاوەنی سلێمانی بە تەنها سەنگی لە بەغدا کەم دەکات، ئەمە پرۆسەیەکی جیوپۆلەتیکیە. ئەمە بۆ پارتی و هەولێریش ڕاستە.
کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە قەوارەیەکی پەککەوتوە. هەموو ئەوانەی دەوروبەر قەوارەیەکی پەککەوتوی بێ دانیان پێ باشە کە بە ئارەزوی خۆیان مەرج و خواستی بە سەردا بسەپێنن.
بژاردەیەکی زۆر گونجاو کە موستەحیلە، ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بە ئاگا ببنەوە و داوای حکومەتێکی دەزگایی بکەن لە سایەی حوکمی یاسادا.