شارپرێس:
ڕۆژنامەی "وۆڵستریت جۆرنال"ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە سعودیە پەیوەندیی بە گرووپی حوسییەکانەوە کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر وەستاندنی هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی شانشینەکە لە ڕێگەی گفتوگۆوە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، حوسییەکان لە بەرانبەر وەستاندنی هێرشەکان، داوای 51 ملیار دۆلاریان لە سعودیە کردووە و ئاماژەیان بەوەش داوە کە دواتر داوای بڕی پارەی زیاتر دەکەن. هەروەک مەرجیان داناوە سعودیە بە فەرمی وەک فەرمانڕەوای یەمەن بیانناسێنێت.
لەوبارەیەوە، ماجد مەزحەجی، شیکەرەوەی یەمەنی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ناوەندی سەنعا بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، هۆشداریی داوە کە داواکردنی پارە لەلایەن حوسییەکانەوە دەرگای باجوەرگرتنی بەردەوام لە سعودیە دەکاتەوە.
چاودێران باس لەوەدەکەن کە سعودیە لەبەردەم بژاردەی سنوورداردایە بۆ دەربازبوون لە شەڕێک کە زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر دەستوەردانی تێدا کردبوو بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی یەمەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە.
لە هاوینی ئەمساڵدا شەڕ و پێکدادانەکان توندتر بوو، بەهۆی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکانی سعودیە و پێشڕەوی گروپەکە بەرەو عەدەن کە پێگەی حکومەتی هاوپەیمانی ڕیازە.
حوسییەکان گەیشتنە 50 میل لە شارەکەوە، کە نزیکترین پێشڕەوییان بوو لە ساڵی 2015ەوە، کاتێک دەستیان بەسەر بەشێکی شارەکەدا گرت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
