نیویۆرک تایمز: هیوای گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گفتوگۆکانی ئێران و واشنتۆن زیادیکردووە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 211 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرای کردووە کە ئێران کۆمەڵێک پێشنیاری ناوبژیوانەکانی لەبارەی داهاتووی بەرنامە ناوکییەکەیەوە تاووتوێ دەکات، هەنگاوێک کە دەکرێت پێشکەوتنێک بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ڕێگریکردن لە دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوانیان.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، کە لە 5 بەرپرسی ئاگادار لە گفتوگۆکانەوە وەریگرتووە، لەوانە بەرپرسێکی ئەمریکی و 2 بەرپرسی ئێرانی، تاران ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ناوەکییەکان دەربڕیوە، دوای چەند هەفتە ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە سازشێک،  بەرپرسانیش پێشنیارەکانیان بە "پێشنیاری بەرجەستە" وەسف کردووە، بەبێ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانیان.

بەپێی 3 لە بەرپرسان، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بۆتە یەکێک لە پاڵپشتە سەرەکییەکانی هەوڵەکانی قەتەر بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڤانس هەوڵ دەدات خۆی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوور بخاتەوە، دوای ئەوەی بەرپرسیاریەتیی شکستی گەورەی کۆمارییەکانی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولیی ئەم هەفتەیە خستە ئەستۆی جەنگەکە.

مانگی ڕابردوو، ڤانس نامەیەکی بۆ موحسین ڕەزایی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران، ناردووە و تێیدا پێشنیاری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئاشتیی ڕاستەوخۆی کردووە کە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانیش بگرێتەوە.

ڤانس دووشەممە ڕایگەیاند کە پێشکەوتن لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێرانیدا بەدەستهاتووە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ترەمپ هەڵبژاردەی "سەربازیی" و "ناسەربازیی" لەبەردەستدایە. هەروەک وتی: "من و سەرۆک تا ڕادەیەکی زۆر بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە ڕێگەی گفتوگۆوە گەشبینین".

ڕەزایی شەممە لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو کە ئێران پێش وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی، کە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران، هەڵگرتنی سزا نەوتییەکان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرە ئێرانییەکان دەگرێتەوە، ناچێتە گفتوگۆی ناوەکییەوە.

بەڵام بەرپرسان بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە کە ڕەزایی لە گفتوگۆ نهێنییەکاندا کراوەیی زیاتر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیە ناوەکییەکە نیشان داوە. لە لایەکی دیکەوە، لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ لایەنی قەتەری، بەرپرسانێکی باڵای ئێرانی، لەوانە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوە، و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، بەشدار بوون.

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکیی نێوان ئەو دوو لایەنە، چارەنووسی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێرانە، ترەمپ داوا دەکات تاران دەستبەرداری ئەم یەدەگە ببێت، کە ناوی "تۆزی ناوەکیی" لێناوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران ڕەتیدەکەنەوە کە یۆرانیۆمەکە بۆ دەرەوەی وڵات بگوازرێتەوە.

لە گفتوگۆکانی پێشوودا، ئێران ئامادەیی نیشان داوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمەکە لە ناوخۆی وڵاتدا، لەژێر چاودێریی پشکنەرانی نێودەوڵەتیدا.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمساڵ بڵاوی کردۆتەوە، خەمڵاندوویەتی ئێران تا حوزەیرانی 2025 نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی هەبووە. پسپۆڕان دەڵێن ئەم بڕە دەتوانرێت لە پەرەپێدانی ژمارەیەکی سنووردار لە بۆمبی ناوکییدا بەکاربهێنرێت.

دوو بەرپرس بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە کە ئێران و ئەمریکا تا بەیانیی دوێنی پێنجشەممە خەریکی پێداچوونەوە بە دوا پێشنیارەکانی ناوبژیوانەکان بوون، بە ئامانجی کەمکردنەوەی جیاوازییەکان لە نێوان هەردوو لایەن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی