بە میوە تەندروستی ڕێخۆڵە و هەرسكردن بەهێز بكە

تەندروستی

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 379 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
میوەکان لە خواردنە بەسوودەکانی تەندرووستین، بەڵام هەندێک جۆریان بەهۆی بڕی زۆری پێکهاتە خۆراکییەکان، بە تایبەتی ڕیشاڵ و دژە ئۆکسێنەرەکان، ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی تەندرووستیی ڕیخۆڵەدا دەگێڕن.

ڕیشاڵی خۆراکیی ڕۆڵێکی سەرەکیی لە تەندرووستیی سیستەمی هەرسکردندا هەیە، چونکە خۆراکییەکی گرنگە بۆ بەکتریاکانی بەسوودی ناو ڕیخۆڵە. خواردنی خۆراکی پڕ ڕیشاڵ دەتوانێت مەترسیی تووشبوون بە هەندێک نەخۆشیی سیستەمی هەرسکردن، لەوانە شێرپەنجەی کۆڵۆن، کەم بکاتەوە و نیشانەکانی قەبزیی هەرسکردن کەم بکاتەوە.

هەروەک، هەندێک میوە ماددەی "پۆلیفینۆڵ"یان تێدایە کە دژە ئۆکسێنەرن و یارمەتیی پاراستنی خانەکانی ڕیخۆڵە و زیادکردنی هەمەچەشنکردنی بەکتریا بەسوودەکان دەدەن.

ماڵپەڕی تەندرووستیی "هێڵس" 6 جۆر میوەی دیاریکردووە کە پێشنیار دەکرێت لە خۆراکی ڕۆژانەدا جێگایان بکرێتەوە.

1. تو
توی ڕەش و توی تیپۆڵە  یەک پەرداخیان نزیکەی 8 گرام ڕیشاڵ دابین دەکات، کە دەکاتە 27%ی پێویستیی ڕۆژانە.
ئەم توانە هەردوو جۆری ڕیشاڵی تێدایە؛ ڕیشاڵی تواوە و نەتواوە.  یارمەتیی کەمکردنەوەی هەوکردن و پاراستنی دیواری ڕیخۆڵە و ڕێکخستنی جووڵەی ڕیخۆڵە دەدات.

2. کیوی
کیوی بە چارەسەرێکی سروشتیی بۆ قەبزیی ناسراوە. خواردنی دوو دانە کیوی ڕۆژانە بۆ ماوەی 4 هەفتە، هەرسکردن و ژمارەی جارەکانی دەرچوونی پاشماوەی لە جەستەدا باشتر کردووە.

3. پاپایا
پاپایا ئەنجایمی "پاپایین"ی تێدایە کە یارمەتیی شیکردنەوەی پرۆتینەکانی ناو خۆراک و ئاسانکردنی هەرسکردنیان دەدات. 

4. ئەڤۆکادۆ
دانەیەک ئەڤۆکادۆ بە کێشی 201 گرام، نزیکەی 13.5 گرام ڕیشاڵی تێدایە. ئەم میوەیە یارمەتیی زیادبوونی بەکتریا بەسوودەکان و بەرهەمهێنانی ئەسیدە چەورییە کورتەزنجیرەکان دەدات.

5. سێو
سێو سەرچاوەیەکی باشی ڕیشاڵی تواوە و ماددەی پۆلیفینۆڵە. خواردنی سێو دەتوانێت پشتگیریی گەشەی بەکتریا بەسوودەکان بکات.
6. هەرمێ
هەرمێ هەردوو جۆری ڕیشاڵی تێدایە، هەروەک ماددەی "سۆربیتۆڵ"ی تێدایە کە وەک نەرمکەرەوەیەکی سروشتیی پاشماوەی خۆراک کار دەکات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی