ئەکسیۆس وردەکاریی بەندەکانی ڕێککەوتننامە گریمانکراوەکەی ئێران و ئەمریکا ئاشکرا دەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 369 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ماڵپەڕی  "ئەکسیۆس"، ی ئەمریکی ئەمرۆ هەینی وردەکاریی پێشنیارێکی قەتەریی ئاشکرا کردووە کە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی هەنگاوی هاوبەش لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە لە ماوەی 2 ڕۆژدا دامەزراوە. 

پێشنیارەکە بریتییە لە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریاییی ئەمریکا لەسەر ئێران، ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دەربارەی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران.

ئاشکراکردنی ئەم پێشنیارە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بژاردەکانی بەرانبەر ئێران دەخاتە بەر هەڵسەنگاندن؛ لەوانە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان، بەردەوامبوون لە فشارە ئابورییەکان یان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسیی.

بەپێی زانیارییەکانی "ئەکسیۆس"، ناوبژیوانە قەتەرییەکان بەردەوامن لە راوێژکاری لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و کۆشکی سپیی دەربارەی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە، کە ئامانجی دروستکردنی متمانە لەنێوان واشنتۆن و تاران و ڕێخۆشکردنە بۆ گفتوگۆیەکی فراوانتر.

وردەکارییەکانی پێشنیارە قەتەرییەکە

بەپێی ڕاپۆرتەکەی "ئەکسیۆس"، پێشنیارەکە لە دوو قۆناغ پێکهاتووە:
لە ڕۆژی یەکەمدا، ئەمریکا گەمارۆ دەریایییەکە لەسەر ئێران هەڵدەگرێت و بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکات. لە بەرانبەردا، تاران بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکی دەنێرێت، بۆ ناردنی پشکنەران بۆ ئەو دامەزراوە ناوەکییانەی کە بۆردومانیان کراوە؛ ئەمەش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکە کە ساڵێک لەمەوبەر لە قاهیرە بەدەستهاتبوو.

لە ڕۆژی دووەمدا، گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا دەکرێتەوە و پاشان گفتوگۆ ناوەکییەکان لەنێوان واشنتۆن و تاران دەستپێدەکەنەوە، بە تایبەتیی سەبارەت بە یەدەگی  یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران.

مەرجەکانی ئێران و بەربەستەکانی ڕێککەوتن
ئێران هێشتا پابەندی 7 مەرجەکەیەتی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و کردنەوەی گەرووی هورمز، هەرچەندە ئامادەیە ماوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی گریمانکراو کورت بکاتەوە.

ڕۆیتەرز لە بەرپرسیارێکی باڵای ئێرانییەوە گواستییەوە کە تاران پێشنیارێکی ناوەکیی بۆ ئەمریکا لە ڕێگەی قەتەرەوە پێشکەش کردووە، بەڵام جەختی کردۆتەوە کە گفتوگۆکان پێش وەڵامدانەوەی واشنتۆن بە داواکارییەکانی ئێران دەستپێناکەن. ئەو داواکارییانە بریتین لە هەڵگرتنی سزا ئەمریکییەکان، ئازادکردنی پارەی بلۆککراوی ئێران و پێدانی قەرەبوو بەهۆی جەنگەوە.

تاران لە ئەیلوولی ڕابردوودا پلانی جێبەجێکردنی هەنگاوە هاوبەشەکانی لە ماوەی 7 ڕۆژدا خستبووە ڕوو، بەڵام دواتر ماوەکەی بۆ 2 ڕۆژ کورت کردۆتەوە، بەبێ گۆڕینی مەرجە بنەڕەتییەکانی.

لە بەرانبەردا، ئیدارەی ئەمریکا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە بابەتی ناوەکی لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە بخرێتە سەرمێز، لەوانەش دەستگەیشتنی پشکنەرانی نێودەوڵەتی بە دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران.

هەروەک ئەکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە، ئیدارەی ئەمریکا 3 ڕێڕەوی سەرەکیی دەخاتە بەر هەڵسەنگاندن: دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان، بەردەوامبوون لە فشارە ئابورییەکان یان گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە تێیدا هەردوو لا هەندێک پاشەکشە بکەن.

لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئامادەکاری بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە جەنگییە فراوانەکان دژی ئێران دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێنمایییەکی نوێی لە واشنتۆنەوە وەرنەگرتووە.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی