ئه‌وكه‌سه‌ى ویستى تره‌مپ بكوژێت كێیه‌و چى وت؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمنیی ئەمریکا ڕایگەیاند، گومانلێکراوێکی چەکداریان لەنزیک کۆشکی سپی دەستگیرکردوە، تۆمەتبارەکە لەلێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بەوەداناوە، بەهۆی بیستنی "دەنگێک لەمێشکیدا" پلانی داڕشتبوو بۆ کوشتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا.


به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوی فەرمیی دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی، دەستگیرکردنەکە ئێوارەی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەنجامدراوە، لەناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکەدا سێ پارچە چەکی جیاوازو دەیان فیشەک دۆزراونەتەوە، گومانلێکراوەکە ناوی (ڕۆنی کرینووس)ەو کۆچبەرێکی نایاسایی خەڵکی وڵاتی ڤه‌نزوێلایە کە لەئاداری 2024دا بەقاچاخ لەسنوری مەکسیکەوە پەڕیوەتەوە بۆ ناوخاکی ئەمریکا.

کرینوس بەئەفسەرانی لێکۆڵینەوەی ڕاگەیاندوە، "دەنگێک لەمێشکمدا دەزرینگێتەوەو بەردەوام گوشارم لێدەکات بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بکوژم".

لەکاتێکدا کۆشکی سپی تائێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەمبارەیەوە بڵاونەکردوەتەوە، به‌ڵام مارکوین مۆلین وەزیری ناوخۆی ئەمریکا سوپاسی لێهاتویی ئەفسەرانی خزمەتگوزاریی نهێنی کردو ڕایگەیاندوه‌، "بەهەوڵی ئەفسەرە بوێرەکانمان، توانرا کەسێکی بیانیی نایاسایی لەنزیک کۆشکی سپی دەستگیربکرێت کە سێ پارچە چەکی پێبوە، بەرلەوەی زیان بەهیچ کەسێک بگەیەنێت".

ئەم گۆڕانکارییە ئەمنییە نوێیە کاتێک دێت کە دۆناڵد ترەمپ لەماوەی سێ ساڵی ڕابردودا ڕوبەڕوی چەندین هەوڵی توندی کوشتن بوەتەوە، له‌13ی تەمموزی 2024دا له‌پێنسیلڤانیا، تۆماس ماتیو کروکس لەکاتی گردبونەوەیەکی هەڵبژاردندا تەقەی لەترەمپ کردو گوێی ڕاستی بریندارکرد، دواتر هێرشبەرەکە کوژرا، له‌15ی ئەیلولی 2024یشدا له‌فلۆریدا، ڕایان وێسلی ڕاوس بەچەکەوە لەنزیک یاریگای گۆڵفی ترەمپ دەستگیرکراو سزای زیندانی هەمیشەیی بەسەردا سەپێندرا، هه‌روه‌ها له‌22ى شوباتی 2026 هه‌ر له‌فلۆریدا، ئۆستن تاکەر مارتین بەچەکی شۆتگن‌و گازی فرمێسکڕێژەوە لەدەروازەی کۆشکی (مار ئە لاگۆ) پێش گەیشتنی بەترەمپ لەلایەن دژەتیرۆرەوە کوژرا، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا، له‌25ی نیسانی 2026 له‌کۆشکی سپی، کۆڵ تۆماس ئالێن کاتێک ویستی بەچەکەوە خاڵی پشکنینی ئەمنیی کۆشکی سپی ببڕێت، دەستگیرکرا.