شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەفەرمی ڕایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی هێرشێکی ئاسمانیی نوێو سنورداریان بۆسەر دورگەی "قشم" لەباشوری ئێران ئەنجامداوەو تێیدا سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتەیان پەکخستوە.
سەرۆکی ئەمریکا لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ئاشکرایکرد، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشە بەئامانجگرتنی دامەزراوەیەکی نوێی بەرگریی ئاسمانی بوە کە لەلایەن ئێرانییەکانەوە لەو دورگەیەدا بونیاتنرابوو.
ترەمپ باسی لەخێرایی بەڕێوەچونی هێرشەکە کردو وتی، "ئێمە ئەو دامەزراوەیەمان لەماوەی کەمتر لە15 خولەک، یان ڕەنگە تەنها لەپێنج خولەکدا، بەتەواوی لەناوبرد".
ئەم هێرشە نوێیە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر گرژییەکی توندی سەربازیدایەو هەڕەشەی بەردەوامی پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەنێوان واشنتۆنو تاراندا هەیە.