راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا، نەتانیاهۆی هێنایە دەنگ

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 618 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارثريَس:

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە وەڵامی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ڕاگرتنی یارمەتییە سەربازییەکان، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل چەکی بەکارهێناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی خۆرئاوا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی نەتانیاهۆ، ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە کە یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ماوەی چەندین ساڵ پشتیوانیی هەردوو پارتی کۆماریی و دیموکراتی هەبووە و ئیسرائیل بۆ بەرگریی لە خۆی و ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکان بەکاری هێناوە.

نەتانیاهۆ ئاشکرای کردووە کە ئەو و ترەمپ ئاراستەی گۆڕینی یارمەتییەکان لە بەخشینی ڕاستەوخۆ بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژیی دەگرنەبەر، بەهۆی پێگەی ئابوریی بەهێز و سەقامگیریی ئیسرائیل کە توانای پشتبەستن بە خۆی زیاتر دەکات.

ترەمپ ئەم هەفتەیە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند کە یارمەتییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کۆتایی ئەمساڵدا ڕادەگیرێن، چونکە تەلەبیب چیتر پێویستی پێیان نییە و دەتوانێت چەکەکانی ئەمریکا بە پارەی خۆی بکڕێت.

یارمەتییەکان بەپێی ڕێککەوتنی ئێستا ساڵانە 3.8 ملیار دۆلارن؛ 3.3 ملیاری بۆ کڕینی چەک و 500 ملیۆن دۆلار بۆ بەرنامەکانی بەرگریی مووشەکی تەرخان کراوە. ئەم ڕێککەوتنە لە ئەیلوولی 2028 کۆتایی دێت.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدا ڕادەگەیەنرێت کە هاوڕاییی نێوان دوو پارتی ئەمریکی سەبارەت بە یارمەتییەکان بۆ ئیسرائیل کەمبۆتەوە و ڕەخنەکانی ناو پارتی دیموکرات لە جەنگی غەززە و بەردەوامبوونی دابینکردنی چەک بۆ سوپای ئیسرائیل زیاد بوون.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی