وتەبێژی حكومەتی عێراق لەبارەی ڕێككەوتنی شەنگال و بودجەی هەرێم ڕونكردنەوە دەدات

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 786 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، كێشەكانی هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە بەرەو چارەسەرن و ڕێككەوتنی شەنگالیش لەچوارچێوەی ڕێكخستنەوەی چەك بووە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عێراق لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەڵێت، هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی شەنگال ڕوویداوە، لەچوارچێوەی ڕێكخستنی چەك بووە لەژێر دەسەڵاتی بەغدا و پێشتریش ڕێكخستنی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا هەبوو.

ڕونیشیكردەوە، دۆخی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو چارەسەرە بەگوێرەی دەستوور و یاسا و بەپێی دواین سەرژمێری دانیشتوان، بۆیە دۆخەكە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە كە هەموو پارێزگاكان و هەرێمی كوردستانیش سوود لە مافەكانی خۆیان وەربگرن.


عەبودی ئاماژەی بەوەشكرد، لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو لە عێراق كۆتایی بەدیاردەی گروپی چەكدار دەهێنرێت و سەرۆك وەزیران لەگەڵ گروپەكان جگە لە دوو گروپ لەوبارەیەوە قسەی كردووە.

دەشڵێت، سەرۆك وەزیران خاوەن بەرنامەی وەزارییە و وەك بەرنامەی حكومەت جێبەجێدەكرێت، ئێستا بەرەبەرە نزیك دەبینەوە لەوادەی تەواوبوونی دیاردەی چەكداری.