شارپرێس:
حاكم قادر حەمەجان ڕایگەیاند، ھەنگاوی تاك لایانە و هەڵوێستی توند بەرامبەر یەكتر، شانازی نییە، بەڵكو خواستی دوژمنانی گەلەكەمانە كە ھەمیشە لە ھەوڵی لاوازی و دابەشبوونی خاك و نەتەوەكەمانن.
حاكم قادر حەمەجان لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئێمە ئەگەر پێكەوە بین، بەهێزین، ئەگەر دابەش بین لاوازین، ئەم ڕاستییە نابێت لەبیرمان بچێتەوە كە سەركەوتن و شكستی هەرێمی كوردستان تەنها پەیوەندی بە لایەنێكەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە چارەنووسی هەموو گەل و خاكەكەمانەوە هەیە".
دەشڵێت "هەرێمی كوردستان لە ئێستادا زیاتر لە هەر كاتێك پێویستی بە یەكڕیزی، یەكگرتووی، یەكگوتاری ھەیە، چونكە ئەم قۆناغە قۆناغی ناكۆكی و تۆڵەسەندنەوە و توندكردنەوەی ئاڵۆزییەكان نییە؛ بەڵكو قۆناغی دانیشتن، گفتوگۆ، دیالۆگ و گەڕانەوەیە بۆ چارەسەری كێشەكان".
هەروەها حاكم قادر حەمەجان ڕونیكردەوە، نابێت گوێ لە یەكتر نەگرین و ڕێگا بدەین كێشە سیاسییەكان ببنە هۆی دووركەوتنەوەی زیاترمان لە یەكتر، چونكە لێكترازان و دابڕانمان دەچێتە خانەی بەرژەوەندی دوژمنانی گەلی كوردستانەوە.
با لەبیرمان نەچێت، لە هەر پارێزگا و ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بژین، هەموومان خاوەنی ئەم خاكەین و یەك چارەنوسی ھاوبەش چاوەڕوانمانە، بۆیە هیچ لایەنێك بە تەنها ناتوانێت داهاتووی ئەم هەرێمە مسۆگەر بكات.
وتیشی "نابێت بیر لە پارچە پارچەكردنی هەرێمی كوردستان بكەینەوە و ڕێگا بدەین ناكۆكییە سیاسییەكانمان بگەنە ئەو ئاستەی جارێكی دیكە خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت، چونكە مێژوو شەڕی براكوژی بە نەفرەت و ئازارەوە تۆمار كردووە، نەك بە شانازی، بۆیە نابێت ئەو هەڵە مێژووییانە دووبارە بكەینەوە و نەوەكانی داهاتوو بكەینە قوربانی ناكۆكییەكانی ئەمڕۆمان. با لە مێژوو وانە وەربگرین، نەك ئەوەی جارێكی دیكە بە دەستی خۆمان دووبارەی بكەینەوە.
ئەمڕۆ خەڵك چاوەڕێی خزمەتگوزاری، ئاسایش، دادی كۆمەڵایەتی، سەروەری یاسا، ھاوڵاتیبوون، ژیانێكی باشتر و حكومەتێكی كارا و بەرپرسیارە، نەك ناكۆكی و ململانێی سیاسی، بۆیە چارەسەری كێشەكان لە ڕێگەی توندوتیژی، هەڵوێستی توند و كار و كاردانەوە بەدی نایەت، بەڵكو لە ڕێگەی دانیشتن و گفتوگۆ و دیالۆكی بەرپرسیارانەوە دەكرێت.
لەدرێژەی قسەكانیدا دەڵێت "نەیارانی كورد دابەشبوون و لاوازیی ئێمەیان دەوێت؛ ئایا نابێت ھەمیشە بە هۆشیارییەوە هەڵبژێرین! گوێ لە یەكتر بگرین و كێشەكانمان بە دەستی خۆمان چارەسەر بكەین، یان ببینە ویست و خواستی ئەوانەی دژ بە یەكگرتوویی و یەكڕیزی و سەقامگیریی كوردستانن؟ ئێستاش درەنگ نییە، بەتایبەت یەكێتی و پارتی و ھەموو حزب و لایەنە سیاسیەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببنەوە، لە ململانێ و هەڵوێستی تاكلایەنە دوور بكەونەوە و بە هاوبەشی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار پێكبهێنن، حكومەتێك كە بەرژەوەندی خەڵك و پاراستنی قەوارەی هەرێم بخاتە سەرەوەی هەموو بەرژەوەندییەكی حیزبیەوە. با ئەم ڕاستییەش لەبیر نەكەین، حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوەكانی تری ھەرێم موڵكی ھیچ حزب و لایەنێك نیە بە تەنیا، بەڵكو ھی تەواوی خەڵكی كوردستان و خوێنی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانە، كوردستان ماڵی هەموومانە و پاراستنی ئەم ماڵە بەرپرسیارێتی هەموومانە.
