نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی مه‌سعود بارزانى به‌بافڵ تاڵەبانی ده‌گه‌یه‌نێت‌و هه‌وڵى دواخستنى كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مانیش ده‌دات

کوردستان

38 خولەک پێش ئێستا‌ 20315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەی تایبەتەوە دەست شارپرێس کەوتون، لەدوای ئاڵۆزبونی دۆخی سیاسیی هەرێم‌و لەدوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە تائێستاش نێچیرڤان بارزانی لەهەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەو نێوەندگیرییە بۆ ئاڵۆزنەبونی زیاتری دۆخەکەو بەناوی سەرۆکی پارتیشەوە پەیامێکی داوەتە بافڵ تاڵەبانی.


زانیاریەکانی شارپرێس باس لەوەدەکەن، ئێوارەی پێنجشەممە ڕاستەوخۆ دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی، نێچیرڤان بارزانی کە زانیویەتی بڕیاری سەرکردایەتی کشانەوەیە لەحکومەت‌و داننەنان بەپەرلەماندا، پەیوەندیکردوە بەبافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتییەوەو پەیوەندییەکەی وەڵامنەدراوەتەوە، دوای ماوەیەک‌و هەمان شەو، پەیوەندیی کردوە بەقوباد تاڵەبانییەوەو پێی وتوە، دەبێت ڕێگربین لەپەیامی توندو هەڵوێستی توندی یەکێتیی‌و بافڵ تاڵەبانی، تا دۆخەکە چارەسەردەکەین‌و دەرچەیەک دەدۆزینەوە، بەڵام قوباد تاڵەبانی لەوەڵامی نێچیرڤان بارزانیدا وتویەتی، "پەیامەکەی ڕیکۆردکراوەو ئەمشەو بڵاودەبێتەوە".

بەشێک لەسەرچاوەکان باس لەوەشدەکەن، دواخستنی پەیامەکە بۆ کاتژمێر 10 بەهۆکاری ئەوەبوە کە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی قسەیکردوەو پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی پێوتوە، بەڵام تاڵەبانی سوربوە لەسەر بڵاوکردنەوەی پەیامەکەیی‌و چاوەڕێی نێوەندگیریی نەکردوە.

سەرچاوەکەی شارپرێس ئاماژەی بەوەشکرد، دوێنێ هەینی، پەیوەندیی‌و نامە لەنێوان بافڵ تاڵەبانی‌و نێچیرڤان بارزانیدا هەبوە، بارزانی داوایکردوە دۆخەکە ئارام بکرێتەوەو کاردانەوەکان‌و هەڵمەتە میدیاییەکان ڕابگیرێن لەهەردولاوە تا دەرچەیەک دەدۆزرێتەوەو بۆ ئەمەش باسی لەوەکردوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی هەمان داواکاریی هەیە لەبافڵ تاڵەبانی.

سەرچاوەکانی شارپرێس ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كه‌ن، وەک نیەتپاکیەک بۆ گەڕان بەدوای چارەسەردا، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی ئەوەیداوە کاربکات بۆ ئەوەی ڕۆژی دوشەممە کۆبونەوەی پەرلەمان نەکرێت تا دەگەنە هەنگاوێکی نزیکتر لەچارەسەر بەمەرجێک یەکێتیی هیچ بڕیارو هەنگاوێکی دیكه‌ هەڵنەگرێت.

لەدوای ئەم هەوڵانەی نێچیرڤان بارزانی‌و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانى‌و بافڵ تاڵه‌بانى، هەڵمەتە میدیاییەکانی هەردوو حزب دژی یەکتر بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبونەتەوەو سه‌رچاوه‌كانیش جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، ئەگەری ئەوە هەیە، دۆخەکە بەرەو چارەسەر بڕوات، هاوکات لەدوێنێوە کادیرو نوسەرانی نزیک لەنێچیرڤان بارزانی، لەسۆشیاڵ میدیا وێنەی ناوبراو بڵاودەکەنەوەو نازناوی (پیاوی ئاگرکوژێنەوە)یان پێبەخشیوە.