کەنداڵ جودی ـ شارپرێس:
هەدیە یوسف ڕایگەیاند، ئەوان بڕیارەکەی حکومەتی دیمهشق بۆ سنوردارکردنی وانەی زمانی کوردی بۆ تەنها سێ کاتژمێر لەهەفتەیەکدا ڕەتدەکەنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەی ئاشتی لەباکوری کوردستان، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەبوە، هاوکات هۆشداریدا، شکستپێهێنانی ئەو پڕۆسەیە، دەکرێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لەڕۆژئاوای کوردستان.
لەڕۆژئاوای کوردستان خەباتی ئینتیگراسیۆن (تێکەڵبونو هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەت) بەردەوامە، لەم پڕۆسەیەدا، لەپاڵ ئەو هەنگاوانەی کە دەنرێن، هێشتا هەندێک کێشە بەچارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، هەدیە یوسف ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پهیهده) لەلێدوانێکدا بۆ شارپرێس، باسی لەدۆخی حەسەکە، خەباتی ئینتیگراسیۆن، بڕیارەکەی تایبەت بەزمانی کوردیو کاریگەرییەکانی پڕۆسەی ئاشتی لەسەر ڕۆژئاوا کرد.
یوسف: پاشماوەکانی داعش دەیانەوێت لەحەسەکە پشێوی دروستبکەن
هەدیە یوسف لەسەرەتای قسەکانیدا بۆ شارپرێس تیشکیخستەسەر دۆخی شاری حەسەکەو ڕایگەیاند، "لەگەڕەکەکانی غوێرانو نەشوا، شانەکانی پاشماوەی داعش بونیان هەیەو هەوڵدەدەن پشێوییو ئاژاوهگێڕیى دروستبكهن، ئامانجی پاشماوەکانی داعش ئەوەیە کە لەشاری حەسەکەدا شەڕ لەنێوان کوردو عەرەب دروستبکەن، بۆیە هەموو ڕۆژانی هەینییەک دەستدەدەنە کاری ئاژاوەگێڕیی، لەم چوارچێوەیەدا، دەبێت حکومەتی سوریا ئەرکی خۆی جێبەجێبکاتو ڕێگریی لەم پشێوییانە بکات، چونکە ئەگەر ڕێگرییان لێنەکرێت، دەرەنجامی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە".
خەباتی ئینتیگراسیۆن بەسستی بەڕێوەدەچێت
لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری شارپرێسدا سەبارەت بەخەباتی ئینتیگراسیۆن، ههدیه یوسف وتی، "پڕۆسەکە بەردەوامە، بەڵام هەندێک مەلەفو دامەزراوە هێشتا چالاک نەکراونەتەوە، کارەکان بەسستی بەڕێوەدەچنو نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی کە چاوەڕواندەکرێت؛ بهڵام خەباتی ئینتیگراسیۆن بەردەوامە، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەم کارانە خەریکە پێدەنێنە قۆناغی جێبەجێکردنەوەو هێدی هێدی بەڕێوەدەچن، دیسانهوه جهختدهكهمهوه، ئهوهى ههیه، لهئاستى دڵخوازو چاوهڕوانییهكانى ئێمەدا نییە".
ههدیه یوسف: بڕیاری سنوردارکردنی خوێندنی زمانی کوردی ڕەتدەکهینهوه
هەدیە یوسف لەسەر پرسی ئینتیگراسیۆن، تیشکیخستەسەر مەلەفێکی دیكهى جێگهى مشتومڕ، ئەویش بڕیارەکەی حکومەتهكهى ئهحمهد شهرعه سەبارەت بەوانەی زمانی کوردی.
لهو ڕوهشهوه ڕایگەیاند، "ئێمه بڕیاری حکومەتهكهى ئهحمهد شهرع بۆ سنوردارکردنی وانەی زمانی کوردی بەتوندی ڕەتدەکەینەوەو شەرمەزاری دەکەن، جهختدهكهینهوه، دەبێت حکومەت بڕیارەکەی بگۆڕێت، چونكه ئێمه سورین لهسهر گرنگییو بەردەوامبونی پەروەردە بەزمانی دایک".
ئهوهشى وت، "سوریاو ڕۆژئاوای کوردستان فرەزمانو فره پێكهاتهیهو ئێمهش لایهنگرى فره زمانین، لهبهرئهوه، بۆیە دەبێت حکومەتی شام-یش بڕیارەكهى دژى زمانى كوردى بگۆڕێت، لهبهرئهوهى چەندین نەوە بەزمانی دایکی خۆیان پەروەردەکراونو خوێندویانە، بۆیە ئەگەر لەناکاو ئەم سیستمە بکرێتە عەرەبی، یەکجار زەحمەت دەبێت، لەلایەکی دیكهشهوه، تێکۆشانی ئێمە لەپێناو زمانی کوردیو پاراستنی پەروەردە بەزمانی دایک بەردەوامدەبێت".
پڕۆسەی ئاشتی دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ڕۆژئاوا دروستبکات؟
جگە لەپرسی زمانو پەروەردە، ههدیه یوسف لەقسەکانیدا پڕۆسەی ئاشتیی باکوری کوردستانیشی وەک بابەتێک نیشاندا کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی بەسەر ڕۆژئاواوە هەیە.
ئەندامەکەی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پهیهده بۆ شارپرێس وتی، "پڕۆسەی ئینتیگراسیۆنو ئاشتی لەباکوری کوردستان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەبوە، بەڵام هۆشداریدا کە شکستخواردنی پڕۆسەکە دەکرێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕۆژئاوا جێبهێڵێتو ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ زیاد بکات.
وهكو ههدیه یوسف وتی، "بێگومان لەباکوری کوردستان پڕۆسەی ئاشتی کاریگەریی ئەرێنی خۆی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان دروستکردوە، چونکە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا ڕاگیراون، ئەم پڕۆسەیە زۆر گرنگەو ئەگەر لەباکوری کوردستاندا پڕۆسەی ئاشتی شکستبهێنێتو نەگاتە سەرەنجام، ئەگەری زۆرە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانیش کاریگەریی نەرێنی دروستبکاتو شەڕ دهستپێبكاتهوه، بۆیە ئێمە پاڵپشتی لەکارو خەباتی پڕۆسەی ئاشتی لەباکوری کوردستان دەکەین".
