مەترسییەکی نوێ هەڕەشە لە داهاتووی مرۆڤایەتیی دەکات

جیهان

59 خولەک پێش ئێستا‌ 222 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

زانایان هۆشدارییان داوە کە خراپتربوونی گۆڕانی کەشوهەوا تەنیا کارەساتە ژینگەییەکانی لێ ناکەوێتەوە، بەڵکو توانای کۆمەڵگەکانیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کارەساتانە لاواز دەکات؛ ئەمەش لە ڕێگەی لاوازکردنی ئابووریی، دامەزراوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەک کەمکردنەوەی هاوکاریی پێویست بۆ کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە گەرمەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانەکە.

لە توێژینەوەیەکدا کە لەلایەن توێژەرانێکی زانکۆی ئێکسیتەری بەریتانیا و دەستپێشخەریی مەترسییە ستراتیژییەکانی کەشوهەوا ئەنجام دراوە و لە گۆڤاری "Environmental Research Letters" بڵاوکراوەتەوە، زانایان داوایان کردووە مەترسییەکانی "لاڕێبوون" لە سیاسەتەکانی کەشوهەوادا بخرێنە بەرچاو. مەبەست لەم مەترسییانە ئەو بارودۆخانەن کە تێکچوونی کەشوهەوا لەبری هاندانی کۆمەڵگەکان بۆ هەنگاوی بەهێزتر، توانایان بۆ وەڵامدانەوە لاواز دەکات.

جەیمس دایک، توێژەر، هۆشداریی داوە کە خاڵە وەرچەرخانەکانی سیستەمی کەشوهەوا، وەک توانەوەی پلێتە سەهۆڵینەکان و تێکچوونی دارستانەکانی ئەمازۆن، دەتوانن زنجیرەیەک گۆڕانی خێرا دەست پێ بکەن. بەڵام بەوتەی ئەو، هەڵسەنگاندنەکانی کەشوهەوا زۆرجار تەنیا سیستەمە سروشتییەکان دەخەنە بەرچاو و کاریگەریی قەیرانەکە لەسەر کۆمەڵگەکان پشتگوێ دەخەن.

توێژەران هۆشداریی دەدەن کە متمانە و دامەزراوەکان زۆر ئاسانتر لەوەی لەناو دەچن، لەوەی دووبارە دروستدەکرێنەوە، ئەمەش دەتوانێت گەیشتن بە سیناریۆی "زەویی گەرم" نزیکتر بکاتەوە؛ سیناریۆیەک کە تێیدا پلەی گەرمیی زەوی بە زیاتر لە 5 پلەی سەدی بەراورد بە پێش شۆڕشی پیشەسازی بەرز دەبێتەوە و شەپۆلی گەرمای درێژخایەن، وشکەساڵی، شکستی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرزبوونەوەی توندی ئاستی دەریاکان لێ دەکەوێتەوە.

لە کۆتاییدا، توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە سیاسەتە کەشوهەواییەکان دەبێت دوو ئامانجی هاوکات بپێکن: پاراستنی دانیشتووان لە کاریگەرییەکانی کەشوهەوای توند و کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە گەرمکەرەکان، بۆ ئەوەی هەوڵەکانی پاراستن خۆیان نەبنە بارێک کە توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکە لاواز بکات.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی