شارپرێس:
بەرنامەی "پاداشت لەپێناو دادپەروەریی" سەر بەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڕیارێکی توندی دەرکردو تێیدا پاداشتێکی دارایی بەبڕی 20 ملیۆن دۆلار هاوشانی مافی پەنابەرییو نیشتەجێکردنەوە لەوڵاتێکی دیكه ڕادەگەیەنێت، بۆ هەر کەسێک کە زانیاریی هەواڵگریی ورد لەبارەی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پێشکەش بکات.
بهگوێرهى ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم پاداشتە گەورەیە سەرجەم ئەو داتایانە دەگرێتەوە کە تایبەتن بەشوێنی دامەزراوە شاراوەکان، کڕینی کەلوپەلو ئامێرە پسپۆڕییەکان، جموجۆڵی زانایانو کادیرانی مرۆیی، لەگەڵ ناسنامەی ئەو ناوەندە زانستییانەی بەشداریی لەچالاکییە ئەتۆمییەکاندا دەکەن.
ئەم پێشڕەوییە نوێیەی ئەمریکا دوای ڕاپۆرتێکی فەرمیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) دێت، کە تێیدا پشتڕاستکرابوەوە ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ ڕێژەی پاکیی 60٪ بەرزکردوەتەوە؛ ئەمەش بەپێوەرێکی تەکنیکیی یەکجار مەترسیدار دادەنرێت کە تاران تەنها یەک هەنگاو لەئاستی 90٪ (ئاستی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی) دوردەخاتەوە.
واشنتۆن ئاماژە بەوەدەکات، هۆکاری پەنابردنی بۆ ئەم شێوازە هەواڵگرییە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕژێمی ئێران پابەندییەکانی چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پێشێلکردوەو بوەتە هۆی ئەوەی ئاژانسەکە بنەمای "بەردەوامیی زانین"و توانای بەدواداچونی بۆ کۆگاکانی ئامێری سەنتەرفیوژ لەناوخۆی ئێراندا لەدەستبدات.
